حه‌كیم خه‌ڵك به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌تۆقێنێ
K24 - هه‌ولێر:
عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی ده‌سه‌ڵاتدار، كه گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانیی نێوان لایه‌نه شیعییه‌كانه، ده‌ڵێت "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی عێراقیش داوای جیابوونه‌وه بكه‌ن و به‌سره یه‌كێك له‌و شوێنانه ده‌بێت".
حه‌كیم له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی "ئایا بڕیاری كورد بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه یان بۆ فشار درووستكردنه له‌سه‌ر به‌غدا؟، له وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ ده‌سته بژێرێكی سیاسی كه له ئۆفیسه‌كه‌ی كۆببوونه‌وه رایگه‌یاندووه "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، خواستی جیابوونه‌وه لای خه‌ڵكی زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ی عێراقیش ده‌ژێنێته‌وه‌و ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی تسۆنامییه‌كی دابه‌شكردن ده‌بێته‌وه".
عه‌مار حه‌كیم له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی كورد هه‌یه‌تی له‌سه‌ر به‌شداریكردنی راسته‌قینه له ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ی كێشه به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گوتوویه‌تی "تاكه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه كه ته‌نها بژاره‌یشه، لای حكومه‌تی فیدراڵییه، چونكه جیابوونه‌وه‌ی كورد هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری پاڵپشتی ناكات، دیاریكردنی چاره‌نووس مافێكی مرۆییه، به‌ڵام كێشه‌كه له چۆنییه‌تی ئه‌و مافه‌دایه".
عه‌مار حه‌كیم یه‌كێك له‌و سیاسییه عێراقییانه‌یه به ئاشكرا نه‌یاریی خۆی بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ربڕیووه‌و پێشتریش رایگه‌یاندبوو كه "ته‌نها ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دان به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا ده‌نێت".
به‌ڵام قسه‌كانی حه‌كیم لای ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه‌و بڕیاریانداوه ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن و بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان، به وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان بگه‌یه‌نن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوونه برۆكسێلی پایته‌ختی به‌لجیكا، كه ناوه‌نده باڵاكانی یه‌كێتی ئه‌وروپای تێدایه".