سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد

هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كران

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێك هاتبوو لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی، رۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری و كەریم سنجاری، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كران.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دروستبوونی ئەو كەشە ئیجابییەی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، ئه‌م پێشڤه‌چوونه‌ بەرز نرخێندرا و جەختیش لەوە كرایەوە، پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت، كه‌ بە نیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن. چونكە باشبوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا، بار و گوزەرانی خەڵكی ئەو پارێزگایە و بەڕێوەبردنی مووسڵو تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لە چڕكردنه‌وه‌ی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتییانی پارێزگای موسڵ كردەوە و ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە پێویستە خەڵك و پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداریی لە بەڕێوەبردنی لە ئەو پارێزگایەدا بكەن.