نرخی زێڕ گەیشتە کەمترین ئاستی لەماوەی دوو مانگ و نیوی رابردوو

پێشبینییەکان بۆ داهاتوو چین؟

K24 - هەولێر

نرخی زێڕ، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دوو مانگ و نیوی رابردوو گەیشتە کەمترین ئاستی، بەجۆرێک هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 315 هەزار دینارە.

هەندرێن وەرتی، کارگێڕی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر و شارەزای ئابووری، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24 رایگەیاند "ئەم نرخە، کەمترین بەهای زێڕە لە ماوەی دوو مانگ و نیوی رابردوو، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا نرخی زێڕ ئەوەندە بەرزبووەوە گەیشتە 362 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێکی عەیار 21".

دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ بەگوتەی هەندرێن وەرتی، چەند هۆکارێکی لەپشتە، لەوانە: کەمبوونەوەی بێکاری لە ئەمەریکا، بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بۆرسەکان، ئەمانە هەموویان هۆکارن بۆ دابەزینی بەهای زێڕ.

پێشبینییەکان بۆ داهاتوو چین؟

کارگێڕی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر پێی وایە؛ نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ لە ئاستی 1800 دۆلار کەمتر دانابەزێت و دەڵێ "پێموایە نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدا دەبێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەڵام پێشبینی ناکەم لەو ماوەیەدا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 290 هەزار کەمتر بێت".

نرخی ئەمڕۆی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سەنديكاى زێڕنگران /لقی هەولێر:

يه ك ئۆنسى زێڕ (31،1 گرام) بە 1852 دۆلار
یەک مسقاڵ زێڕی عەيار 24 بە 366 هەزار دینار
یەک مسقاڵ زێڕی عەيار 22 بە 335 هەزار دینار
یەک مسقاڵ زێڕی عەيار 21 بە 315 هەزار دینار
یەک مسقاڵ زێڕی عەيار 18 بە 275 هەزار دینار