16ـی ئۆكتۆبه‌ر خیانەتێكی نامەردانە لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵووم كرا

سه‌رۆك بارزانی: شازدەی ئۆكتۆبەر ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر "خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر" په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: "شازدەی ئۆكتۆبەر ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان. لەو ڕۆژەدا بوو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵووم كرا. بەهۆی دەستێكی ناوخۆییەوە یارییەكی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەكەمان كرا و ئەو خاكەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێكدا كەوتە ژێر داگیركاری و كاولكاری و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی گەلی كوردستان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەو پیلانە نەگریسە، سووكایەتی بوو بە سەت ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان. سووكایەتیكردن بوو بە خوێنی شەهیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان پاراست و لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان دەكرد. هەروەها سووكایەتی بوو بە دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلی كوردستان كە تەنیا تاوانی ئەوە بوو دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بە گوێی جیهانییان گەیاند".

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات. ئەوان ویستیان بە ناپاكی و داگیركاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنن كە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاكی و داگیركاریش سەرشۆڕی و شوورەییە".

سه‌رۆك بارزانی گوتوویه‌تی: "ئامانجی شازدەی ئۆكتۆبەر، نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان و بێماناكردنی مافەكانی گەلی كوردستان بوو. ئەگەرچی بە هاوكاری و چاوساغیی دەستێكی ناپاكی ناوخۆیی، پیلانێكی زۆر گەورە لەدژی گەلەكەمان لە ئارادا بوو، بەڵام كە پێشمەرگە بڕیاری بەرگری و كۆڵنەدانی دا، هاوكێشەكان گۆڕان و سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان مایەوە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لەو یادە تاڵەدا، داوا لە هەموو لایەك دەكەم ڕێز لە مێژوو و مافەكانی گەلی كوردستان بگرن، سیاسەتی شۆڤینی و ئینكاركردن هیچ ئەنجامێكی نییە و تەنیا شەڕ و دواكەوتوویی لێ دەكەوێتەوە. هەمیشەیش داوامان كردووە كە كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت. داوایش لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم بە ئومێد و هێزەوە بڕواننە داهاتوو، دۆزی گەلی ئێمە ڕەوایە و بە شەڕ و پیلان و ناپاكی، كۆتایی نایەت. شازدەی ئۆكتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریكەیە لە مێژووی گەلەكەماندا كە هەرگیز لە یاد ناكرێت و دەبێ ببێتە وانە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان. سڵاو بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی. سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان. سڵاو بۆ تێكۆشەران و نیشتیمانپەروەران".