ئێران: هیچ دانوستانێك له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه ناكه‌ین
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نییه دانوستان له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بكات، جگه له‌وه‌ی له رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 2015ـدا هاتووه و گوتیشی، هیچ چاره‌سه‌رێك نییه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه پێویسته واشنتۆن پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بێت.
له په‌یامێكی وێنه‌ییدا كه له یوتیوب بڵاویكرده‌وه، زه‌ریف ئاماژه‌ی به‌وه كرد، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی گوزارشت له په‌یامێك ناكات كه ته‌نیا پێویستی به به‌ڵێن و پشتگیری لایه‌نێك هه‌بێت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پشتگیری لێكراوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتیشی، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی 11 جار جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی تاران به‌و به‌ڵێنانه‌وه كردووه، كه له دیباجه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتوون. زه‌ریف ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیشی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه خۆی له رێككه‌وتنه‌كه ده‌دزێته‌وه و به‌رده‌وام كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی بازرگانی ئێران.
ئه‌و وه‌زیره‌ی كۆماری ئیسلامی ره‌خنه‌ی له ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی گرت، به‌وه‌ی كه بۆ رازیكردنی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بۆئه‌وه‌ی له رێككه‌وتنه‌كه نه‌كشێته‌وه، باسیان له رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ ئێران كردووه و، پیشنیازیان كردووه، هه‌ندێ بڕگه و مادده له رێككه‌وتنه‌كه زیاد بكرێت، كه توانا به‌رگرییه‌كانی ئێران و هه‌ژموونه‌كه‌ی له ناوچه‌كه‌دا سنووردار ده‌كات.
زه‌ریف به‌ڵێنیشی به ئه‌مه‌ریكا دا، "له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر پێشێلكارییه‌ك یاخۆد كشانه‌وه‌یه‌ك له رێككه‌وتنه‌كه به‌توندی وه‌ڵامی واشنتۆن ده‌ده‌ینه‌وه"، گوتیشی: "به ژاوه‌ژاو و هه‌ره‌شه واشنتۆن ناتوانێت رێككه‌وتنێكی نوێ بهێنێته ئاراوه، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌مه‌ریكا رێز له‌و رێككه‌وتنه ناگرێت كه خۆی واژووی كردووه".
ئه‌م لێدوانه‌ی مه‌حه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له دۆخێكدایه، كه خه‌ریكه رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی تووشی شكستێكی گه‌وره ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له 12ی مانگی رابردوو دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر چاكسازی له كه‌م و كوڕییه‌كانی دیباجه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا نه‌كرێت، ئه‌وان ئاماده نین هه‌ڵگرتنی سزای ئابووری له‌سه‌ر ئێران درێژ بكه‌نه‌وه.
H.B