ده‌میرتاش به‌ڵێنی دادپه‌روه‌ری ده‌دات

مووچە زیاد دەكات

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) و كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا، بەڵێن دەدات ئەگەر ببێتە سەرۆك كۆمار، دادپەروەری لە توركیا بەرقەرار دەكات و سەربەخۆیی دەگەڕێنێتەوە بۆ دادگاكان.

دەمیرتاش، كاندیدی ھەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لە رێی پارێزەرەكانییەوە چەند بەڵێنێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا بەڵێنی داوە، ئەگەر ببێتە سەرۆككۆماری توركیا، مووچەی مانگانە لانی كەم دەكاتە سێ ھەزار لیرە، واتە 600 دۆلار، ھەروەھا باج لەو سووتەمەنییە وەرناگرێت كە جوتیاران بەكاری دەھێنن، ھەروەھا دادپەروەری لە توركیا جێگیر دەكات و سەربەخۆییش دەگەڕێنێتەوە دادگاكان.

پێشتر دەمیرتاش، لە زیندانەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستان24 دایەوە لە بارەی ھەڵبژاردنەكان و رەوشی توركیا بە گشتی، لە وەڵامی یەكێك لە پرسیارەكان لەبارەی ئۆپۆزسیۆن بوونی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا: "کاری ئێمە ئەوە نییە ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بین، بەڵکو کاری ئێمە ئەوەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ئۆپۆزسیۆنێکی رەخنەگربین لە پێناو حکوومەتێکی باشتر".

ھ.م