گوتەبێژی هەڵاتووی هەسەدە له‌ ئاشكراكردنی نهێنییه‌كان به‌رده‌وامه‌

پرسی نه‌وت، په‌یوه‌ندیكردن به‌ عه‌فرین، گه‌یشتن به‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست، بێبه‌ڵێنی ئه‌مه‌ریكا و ته‌واوی نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

گوتەبێژی هەڵاتووی هەسەدە، ته‌لال سلۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مریكا هیچ دڵنیاییه‌كی له‌باره‌ی عه‌فرینه‌وه‌ نه‌دا، ته‌نانه‌ت له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ماكگۆرك لێمپرسی، رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك حكوومه‌تی ئه‌مریكا پشتگیریی عه‌فرین ناكه‌ن.

تەلال سلۆ له‌ گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵو، ئاشكرای كردووه‌، به‌رپرسانی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا پێیان راگه‌یاندوون کە له‌ پێناو مانه‌وه‌دا، پێویسته له‌ وشكانییه‌وه‌ بگه‌نه‌ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

به‌ڕێوه‌به‌ردنی بیره‌ نه‌وته‌كان

تەلال سلۆ له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بیره‌ نه‌وته‌كانی ژێر ده‌ستی په‌یه‌ده‌ ده‌ڵێت: "یەپەگە و پەکەکە، دوای ئەوەی بیرە نەوتەکانی رومێلانیان لە 2012دا بەدەست هێنا، دواتر کارەکەیان بە خراپ بەکارهێنا. سەرەتا نەوتیان لە رێگەی ناوچەکانی داعشەوە دەبردە دەرەوە. عەلی شەیر بەرپرسی کاروباری دارایی پەکەکە لە جزیرە و لە قامیشلۆ دەژیت، راستەوخۆ پەیوەندی بە سەردەستەکانی پەکەکەوە هەیە. ئەو کەسەیە کە توانای رێککەوتنی نەوتی هەیە. ئەو داهاتەی دەستدەکەوێت تەنها ئەو دەیزانێت. ئەمە نهێنی پەکەکەیە. عەلی شەیر لە 2012ەوە نەوت دەفرۆشێت بە دەرەوە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێشتر تەنها لە رێگەی ناوچەکانی ژێردەستی داعشەوە دەکرا. ئەفسەری رژێمی ئەسەد ئەلقاترجی بەرپرسی سەرەکی وەرگرتنی نەوتە لە پەکەکە. دەگوترا کە شاهین جیلۆ-ش دەستی وەرنەدەدایە کاری ئەمەوە. پرسی نەوت نهێنی رێکخراوەکە بوو، بە پرسیارکردن گەیشتم بەم زانیارییانە. پارەی نەوتی فرۆشراو دەکرا بە ناوی چەند کەسێکی نزیک لە خۆیانەوە لە بانکەکانی لوبنان و دواتر پارەکان دەبردرانە ئەورووپا. ناوەکان هەموویان هی پەکەکەن، بابەتەکە زۆر گەورەیە. هەموو رۆژێک بەسەدان تانکەر نەوتیان دەگواستەوە.

گه‌یشتن به‌ ده‌ریا

سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنی په‌یه‌ده‌ بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست و كرانه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه‌، ده‌ڵێت: "بەڵێنی ئەوە درا بوو جیلۆ و هەسەدە کە بگەنە دەریای ناوەڕاست. منیش لەوێ ئامادەی بووم. ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنی دێرزوور ئەنجامی هەبووایە، سەرکەوتوو بوونایە، ئەمریکا پێدەچوو هەوڵی بدایە راستەوخۆ کۆریدەدرێک بۆ هەسەدە بکاتەوە. بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکا گوتی 'ئەگەر پێکهاتەیەکی لەو چەشنە نەگات بە دەریا، ئەوا هیچ داهاتوویەکی نابێت'".

گوتیشى: "نموونەی کوردستان و هەولێری نیشان دەدا. کوردستان خاڵێکی نییە بگات بە دەریا. هەربۆیە ناچارە لایەنەکانی تر رازی بکات ئەگەرنا لە کوێوە نەوتەکەی دەفرۆشێت. ناچار دەبێت خاڵێکی هەبێت، وەک بەندەر. لایەنی ئەمریکا بەڵێنیان دا لەسەر ئەمە، بەڵام دوای ئەمە، وابزانم کارەکە وەک ئەوە نەڕۆیشت کە پلانیان بۆ دانابوو. رۆژانی داهاتوو دەیبینین کە چی بووە".

بۆردومانی قه‌ره‌چوغ

ته‌لال سلۆ، سه‌باره‌ت به‌ بنكه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ سێگۆشه‌ی سنووری نێوان توركیا – عێراق – سووریا (باشوور – باكوور – رۆژئاوای كوردستان)، رایده‌گه‌یه‌نێت، شوێنه‌كه‌ بنکەی قاسەی پارە و چەک و تەقەمەنی یەپەگەیە. باهۆز ئەرداڵ و شاهین جیلۆ لەوێ دەمانەوە. ئەوێ شوێنی مەشقی سەرکردەکانی پەکەکە بوو لە رووی ئایدۆلۆجییەوە. یەپەگە لەوێ مەشقی سەربازیان پێ دەکرا. من دوو جار چوومە ئەوێ. یەکەمجار لەوێ چاوم کەوت بە شاهین جیلۆ و سەیارەیەکم لێوەرگرت. ناوەندی راگەیاندنی یەپەگەش لە قه‌ره‌چوغ بوو.

سلۆ ده‌ڵێت: "ئەوانەی لەوێ بوون هەموویان کادری سەرکردە بوون. نالین کە خەڵکی تورکیا بوو بەرپرسی ئافرەتان بوو، عەرەبی نەدەزانی. ن.شێڤین کوردی تورکیا بوو، زۆر کەم عەرەبی دەزانی. (بەرپرسی گرووپەکانی یەپەگەبوو) روستەم و بەرپرسی حەسەکە گەرزانیش لەوێ بوو. بە شاهین جیلۆم گوت کە سەرم سوڕماوە ژمارەی کوژراوەکان هێندە زۆرن. ئەویش گوتی، "لە قه‌ره‌چوغ پێشێلکاری ئاسایشی تورکیا کراوە. لەنێو ئەو سەرکردانەی بۆ ئەرکی تازە هەڵدەبژێردران لەوێ بوون. روستەم، دەچووە تورکیا لەوێ کاری دەکرد. هەواڵگری تورکیا ئەمەی دەزانی. ئێمەش لەبەر ئەوەی هێشتا پەیامی ئەمریکامان بەدەست نەگەیشتبوو کە بڵێن، 'نابنە ئامانج' لە دەرەوە دەماینەوە".

سه‌ردانی فه‌رمانده‌كانی ئه‌مه‌ریكا

سلۆ له‌ گفتوگۆكه‌دا، تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌ردانی فه‌رمانده‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه‌ و ده‌ڵێت: "رۆژی دووەم فەرماندەیەکی ئاسایی ئەمریکی هاتە ئەوێ. لەوێ یەکەمجار شاهین جیلۆ لە میدیا دەرکەوت. ئەوەی بە ئینگلیزی قسەی دەکرد پاسەوانی ئەمریکی بوو سەلار. لەوێ ئەوەیان باس کرد کە هێرشەکە چۆن روویداوە. بە فەرماندەکەیان گوت لە هێرشەکەدا، کەسانی سیڤیل گیانیان لەدەست داوە نەک بەرپرسانی پەکەکە. فەرماندەکە ئیدانەی نەکرد. دوای پێنج رۆژ جیلۆ هات گوتی 'ئەمریکا لەگەڵ تورکیا قسەی کردووە کە هیچ هێرشێک روونادات'".

سلۆ ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تی پاراستنی چه‌كه‌ قورسه‌كان ده‌كان و ده‌ڵێت: "تەقەمەنی و چەکە قورسەکانی رادەستی هەمین دەکرد. ئەویش لە کۆگاکان دایدەنان. تورکیا ئەو کۆگایانەی نەکردە ئامانج کە ئەمریکییەکان دەیانپاراستن. ژمارەیەکی زۆر پارچە چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنی بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی تورکیا لەو شوێنانەی ئەمریکییەکانی (بنکەکانیان)ی لێ بوون داندران".

په‌یوه‌ندیكردن به‌ عه‌فرین

له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیكردن به‌ كانتۆنی عه‌فرینه‌وه‌، كه‌ ئێستا دابڕاوه‌، سلۆ ده‌ڵێت: "کە رژێمی سووریا حەلەبی گرت راستەوخۆ رێگایەک کرایەوە. ئەمە کۆریدۆرێکی هاوتەریبە (لە باشوورەوە). رێگاکە بە عەفرین دا دەڕوا (دەچێتە ناوچەکانی رژێم) لە دەرەوەی حەلەب بۆ منبج درێژ دەبێتەوە. لە منبجیشەوە بەرەو (رۆژهەڵاتی فورات) جەزیرە دەڕوات. بۆ بەکارهێنانی ئەم رێڕەوە دەبێت رەزامەندی لە رژێم یاخود رووسیا وەربگیردرێت هەتا هەندێکجار لە ئێرانییەکانیش".

پارێزگاری ئه‌مه‌ریكا

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌هەڵوێستی ئەمریکا بۆ پاراستنی یەپەگە لە عەفرین, سلۆ گوتی: "ئەمریکا لە بارەی عەفرین هیچ دڵنیاییەکی نەداوە. تەنانەت کە جاری یەکەم لەگەڵ مەکگۆرک کۆبوومەوە. کە ئەوکات لەگەڵ عەفرین هیچ رێگایەک نەبوو. پشتگیری ئەوانم بۆ عەفرین لێ پرسی. ئاماژەی بەوە دا ئەوان وەک ئیدارەی ئەمریکا پشتگیری عەفرین ناکەن. ئەوە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئێمە بوو. گوتی 'ئەگەر عەفرین پشتیوانێکی دیکەی دەوێت با پشتیوانێکی دیکە ببینێتەوە'. گوتم 'لەوانەیە لە لایەن رووسەکانەوە بێت'، ئەویشی گوتی 'لای ئێمەوە رێگرییەک نییە'. دواتر ئامۆزای ئەسەد حوسەین ئەسەد تەلەفۆنی بۆ کردم. ویستی لە بنکەی سەربازی حمێمیمەوە هێڵێک لەگەڵ لایەنی رووسی و هەسەدە دروست بکات و منیش ئەوەم بۆ شاهین جلۆ باس کرد. ئەو گوتی ئەو هێڵە ئەمریکییەکان هەراسان دەکات. بەڵام (بە قسەی خۆیان فەرماندەی گشتیی یەپەگە) سیپان حەمۆ ویستی پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ رووسەکان. منیش باسی ئەوەم بۆ حوسەین ئەسەد کرد ئەویش دواتر کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ رووسەکان کردەوە. لە زۆر بابەتدا پەنایان بۆ رووسیا دەبرد".

له‌شكركێشی توركیا

به‌رپرسه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌, له‌ باره‌ی له‌شكركێشی توركیا بۆ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین، ده‌ڵێت: "ئەگەر سوپای تورکیا هاتبووایە (بۆ عەفرین) زۆر بە زوویی شارەکەی کۆنتڕۆڵ دەکرد. لە راستیدا رەوشی عەفرین بەمجۆرە نییە کە رێکخراوەکە لە دەرەوە وا وێنای دەکات. لەبەرئەمە زۆر دەترسن. بابەتەکە تەنها کەوتنی عەفرین نەبوو. بەڵکو بە واتای ئەوە دەهات هێزەکانی تورکیا رێگای گوندەوارەکانی باکووریان دەبڕی و هەموو پڕۆژەکانی (چوونە سەر دەریای ناوەڕاست) شکستیان دەهێنا. چونکە عەفرینیان بە دڵی ئەو پڕۆژەیە دادەنا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دەستوەردانی تورکیا کۆتایی بەو خەونی سەودا و مامەڵانە دەهێنا. لە ئەگەری هاتنی تورکیادا بۆ عەفرین داوای هەبوونی رووسیایان دەکرد. رژێمی سووریا لە ئەگەری هەر بەریەککەوتنێک لەگەڵ تورکەکان لە عەفرین داوای هەڵکردنی ئاڵای سووریایان کرد، بەڵام رژێم مەرجی ئەوەی دانا کە هەموو ئەو خاڵانەی ئاڵای سووریایان لەسەر هەڵدراوە رادەستی خۆی بکرێن بەڵام قەندیل ئەو داوایەی رەت کردەوە. لە کۆتاییدا چەکدارانی سنووریان دەپاراست. لەو باوەڕەدابوون ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی عەفرین کۆنتڕۆڵ نەکات. ئەمریکاش تاکو ئەمڕۆ وەڵامی نەدانەوە. ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ناوچانەی (ئەوان) رزگاریان کردوون دەیانپارێزن بەڵام هەر لە سەرەتاشەوە ئاماژەی بەوەدا کە پشتگیری لە عەفرین ناکات".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵو