چەکدارانی ئەبوبەکر بەغدادی هەوڵی کوشتنی دەدەن

لە شارۆچکەی هەجین هێرشکراوەتە سەر ئەبوبەکر بەغدادی

K24 – هه‌ولێر:

چەند چەکدارێکی بیانی نێو داعش، هەوڵی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیان لە سووریا داوە، بەڵام پلانەکەیان سەرکەوتوو نەبووە.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەسەر زاری دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاوایی بڵاویکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، هەوڵێکی کودەتا بەسەر ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش لە ناوچەیەکی نزیک شارۆچکەی هەجین دراوە.

چەکدارە بیانییەکانی داعش هەوڵی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیانداوه‌، بەڵام پاسەوانەکانی بەرگریان کردووە و بەغدادییان بەرەو ناوچەیەکی نادیار و دوورە دەست گواستووەتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو کەسی نزیک و متمانەپێکراوی ئەبوبەکر بەغدادی کوژراون.

لە ساڵانی 2013 بۆ 2015، داعش خاوەنی نزیکەی 70 هەزار چەکدار بوو، بەڵام ئێستا تەنها 500 چەکداری لە سنووری نێوان عێراق و سووریا ماوە، ئەوانیش لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەمارۆ دراون.

H.J