دادوەر وردەكاری كەیسی سۆلین ئاشكرا دەكات

"لە دەزگاكانی راگەیاندن كەیسەكە پێچەوانەوە كراوەتەوە"
kurdistan24.net

K24 – دھۆك

دادوەری كەیسی سۆلین ئێڤێ، لە رێگەی كوردستان24ـەوە بۆ یەكەمجار وردەكاری كێشەی ئەو کچە و بەڕێوەبەری رێکخراوێک دەخاتەڕوو. كە ئەو كچە لە چەند رۆژی رابردوودا "گوتبووی دەستدرێژیم كراوەتە سەر و سزادراوم"، بەڵام دادوەرەکە دەڵێ "راستی كەیسەكە ئەوەیە؛ ئەو كچە تۆمەتبارە نەوەك سكاڵاكار".

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، دوو ساڵ پێش ئێستا، لەکاتێکدا لە چاوپێکەوتن بووە بۆ بەدەستهێنانی کار لە رێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی ژنان، سۆلین لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر کە چاوپێکەوتنی لێ هەبووە، بەڵام دواتر لە دادگا ستەمی لێكراوە.

محەمەدئەمین هیرو، بەڕێوەبەری رێکخراوەکەیە و تەمەنی 65 ساڵە، پێشتر قسەی بۆ کوردستان24 کردبوو. ئەو دەڵێ: لە راستیدا ئەوان باندێک بوون، بە فێڵ هاتن و ئەوەندەیان لێدام تەنانەت چاوێکیان کوێرکردم.

دادوەر محەمەدئەمین شەرەفانی، سەرۆكی دادگای تێھەڵچوونەوەی دھۆك بە كوردستان24ی راگەیاند: "راستی كەیسەكە ئەوەیە؛ ئەو كچە تۆمەتبارە نەوەك سكاڵاكار، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و دانیشتنی دادگا، بە شەش مانگ زیندانیكردن سزادراوە، بەڵام دادگای دھۆك بڕیارەكەی راگرتبوو، کەچی كەسی سكاڵاكار (پیاوەکە) رازی نەبوو بەو بڕیارەی دادگا و تانەی لە بڕیارەكەدا".

روونیشیكردەوە: "سۆلین بە تەنیا نەبووە لەو كەیسەدا و پیاوێك و ژنێكی دیكەی لەگەڵدا بووە".

سەرۆكی دادگای تێھەڵچوونەوەی دھۆك، جەختیكردەوە: "لە لێكوڵینەوەكاندا دەرکەوتووە، سۆلین و پیاوێكی دیكە كە لەگەڵی بوون، تۆمەتبارن بە لێدان لە سكاڵاكار (محەمەدئەمین هیرو)، ھەروەھا دوو لاپتۆپی ئەو كەسەشیان بردووە، لە دادگا ئەوە ساغبووەتەوە و، دادگا بە ماددەی 452 بڕیارەكەی پەسند كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "دوای بڕیارەكە دادگای تێھەڵچوونەوە زانی ئەو بڕیارە لە شوێنی خۆی نییە، چونكە ئەو كەسەی سكاڵای تۆمار كردووە، كەسێكی بە تەمەنە و زۆری لێدراوە، بۆیە دادگای تێھەڵچوونەوە بڕیارە پەسندكراوەكەی ھەڵوەشاندەوە و، بڕیاری دا سزای شەش مانگ زیندانیكردن بەسەر ئەو كچەدا بسەپێندرێت".

دادوەر محەمەد ئەمین شەرەفانی، راشیگەیاند: "جێگەی داخە ھەندێك كەناڵی راگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا ئەو جۆرە كەیسانە دەوروژێنن و دەشێوێنن، وەكو دەبینرێت لەم چەند رۆژەدا ئەم كەیسەیان بە پێچەوانەوە پیشانی خەڵكدا".


ھ.م.