کونسوڵی فەرەنسا: پاریس هاوپەیمانێکی هەمیشەیی کوردە

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە ساڵی نوێدا هاوپەیمانێتی پاریس نەک تەنها لەگەڵ هەولێر، بەڵکو لەگەڵ هەموو کورد بەردەوام دەبێت و داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات رێز لە خوێنی شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی داعش بگرن.

هاوکات نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەت و رێز لە دەنگی دەنگدەران بگرن و چاکسازی ئەنجامبدەن.

دۆمەنیک ماس، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بێگومان هەموومان پێویستمان بە سەقامگیریی زیاتر و ئارامی زیاتر هەیە، لە ساڵی نوێ دەمەوێ ئەو پێشمەرگانەتان بەبیر بهێنمەوە کە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش گیانی خۆیان سپارد، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوە بسەلمێنن کە ئەو شەهیدانە خوێنیان بە فیڕۆ نەچووە".

لەبارەی حکوومەتی داهاتووی هەرێم گووتی: "هیوادارین بە زووترین کات حکوومەتی نوێی کوردستان دابمەزرێت تا چاکسازیی ئابووری و سیاسی بە خێرایی ئەنجامبدرێت".

راشیگەیاند: "وەک دەزانن سەرۆک ماکرۆن پێش چەند رۆژێک گوتی پێویستە پاڵپشتی لە هاوپەیمانەکانمان بکەین لە ساڵی نوێدا، بۆتان دەردەکەوێ کە فەرەنسا هاوپەیمانێکی بەردەوام و هەمیشەیی کوردە ، واتە هەموو کورد نەک کوردانی عێراق".

لە لایەکەی دیکەوە، کلاریس پاستۆری، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هاتنی ساڵێکی نوێوە بە کوردستان24ی گووت: "ئێمە وەک یەکێتی ئەورووپا هیوامان وایە لە ساڵی نوێدا پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا باشتر بێت، دڵنیاشتان دەکەمەوە کە یەکێتی ئەورووپا وەک هاوپەیمانی بەهێزی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە ".

H.J