گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

"دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق، هیچ بڕیارێکی دیکەی نەداوە"

K24 - ھەولێر

دوای نزیکەی پێنج مانگ سبەی یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەست پێدکاتەوە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە، یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە مەبەستی گواستنەوەی عومرەکاران بۆ سعوودیە بکرێت و جگە لەو بڕیارە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق، هیچ بڕیارێکی دیکەی نەداوە.

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "دەزگاکانى راگەیاندن دەتوانن ئەم روونکردنەوەیە وەکو سەرچاوەى هەواڵ بەکاربێنن جگە لەم روونکردنەوەیە هیچ رووماڵێکى تایبەت لە فڕۆکەخانە ئەنجام نادرێت سەبارەت بە دەستپێکردنى گەشتى عومرە".

ئەمە لە کاتێکدایە، فشارێکی زۆر لە حکوومەتی عێراقی دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کە بە بڕیارێکی سیاسیی داخراون.

 

دەقی روونكردنەوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی

سەبارەت بە دەنگۆى بڵابوونەوەى دەستپێکردنەوەى گەشتە دەرەکیوویەکان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، بە هەموو لایەکى رادەگەینین، تەنها بڕیارێك لە دەسەڵاتى فڕۆکەوانى شارستانی عێراقیەوە هاتووە بە دەستپێکردنى گەشتى عومرە بۆ عومرەکاران.

 بۆ ئەو مەبەستە وابڕیارە سبەینێ چوارشەممە 7/3/2018 یەکەمین گەشتى عومرە لە  فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى راستەوخۆ بۆ وڵاتى سعوودیە دەست پێبکات وە جگە لەمە تائێستا  هیچ بڕیارێکى تر نەگەیشتووەتە لامان بۆ گەشتەکانى ترى دەرەکى.

بۆیە پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن لە بڵاو کردنەوەى هەواڵ و زانیاریەکان تەنها پشت ببەستن بەم روونکردنەوەیە لەگەڵ رێزدا.

تێبینى:

دەزگاکانى راگەیاندن دەتووانن ئەم روونکردنەوەیە وەکو سەرچاوەى هەواڵ بەکار بێنن جگە لەم روونکردنەوەیە هیچ رووماڵێکى تایبەت لە فڕۆکەخانە ئەنجام نادرێت سەبارەت بە دەستپێکردنى گەشتى عومرە.

بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى

فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى

2018/3/7

ھ.م