به‌شیر خه‌لیل حه‌داد بوو به‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان

زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا

K24 - به‌غدا:

د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی نهێنی له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و وه‌ك جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ڵبژێردرا.

دواى ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ ده‌نگدانی نهێنی، هیچ یه‌كێك له‌ كاندیدان، ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا، هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌مڕۆ دواخرا.

ئه‌مڕۆش د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كانديدبوون، كاندیده‌كه‌ی پارتی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و وه‌ك جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا.

دوێنێ هه‌ریه‌ك له‌ به‌شیر حه‌داد له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، موسه‌ننا ئه‌مین له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامى، ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆیان بۆ پۆستی جێگری دووه‌م كاندید كردبوو.

دوای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش، د. به‌شیر 152 ده‌نگ، ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید 45 ده‌نگ و موسه‌ننا ئه‌مینیش 21ی ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، 22 ده‌نگی به‌تاڵیش هه‌بوو.

دكتۆر به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، له‌دایكبووی ساڵی 1956، مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بووه‌ له‌ كۆلێژه‌كانی شه‌ریعه‌ و په‌روه‌رده‌ و ئه‌ندامی خوولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌, هه‌روه‌ها وتاربێژی مزگه‌وتی جه‌لیل خه‌یاتیش بوو له‌ هه‌ولێر.

رۆژی 15ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2018، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دانیشتنی خۆی به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار، كه‌ محه‌مه‌د زه‌ینی بوو، بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد.

محه‌مه‌د حه‌لبووسی، به‌ كۆی ده‌نگی 169 په‌رله‌مانتار، وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا، كه‌ پشكی سووننه‌كانه‌، خالید عوبه‌یدیش كه‌ خۆی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاندید كردبوو، 89 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، ئوسامه‌ نوجێفیش ته‌نها 19 ده‌نگ، دواتریش دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد.

هه‌ر دوێنێ، حه‌سه‌ن كه‌ریم كه‌عبی، به‌ كۆی ده‌نگی 210 ده‌نگ، وه‌ك جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا، ئه‌مڕۆش دكتۆر به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و بوو به‌ جێرگی دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

ئ. م