بۆ ئیڤانكا "حه‌ڵاڵه" و بۆ خلود حه‌رامه
K24 - هه‌ولێر
هه‌رچه‌نده "خلود" ئازادكراوه‌و پێش دوو رۆژ دۆسیه‌كه‌ی داخراوه، به‌ڵام هێشتا "كچه ته‌نووره كورته‌كه" باسی گه‌رمی سعوودییه‌كانه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به‌رگری لێ ده‌كه‌ن و باسی پێوه‌ره جیاوازه‌كان بۆ پیاوان و ژنانی بیانی ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان كۆمینتی جیاوازیان له‌سه‌ر كێشه‌كه نوسیووه.
پێشتر كه‌ناڵی " الإخبارية"ـی سعوودیه، بڵاویكردبووه‌وه كه "پۆلیس ئه‌و ئافره‌ته سعوودیه‌ی ده‌ستگیركردووه كه تۆمارێكی ڤیدیۆیی خۆی له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكردبووه‌وه‌و له ڤیدیۆكه‌دا ده‌بینریت له گوندێكی میژووی ناوچه‌ی ئه‌شیقه‌ری ریاز ،به كۆڵانه چۆڵه‌كاندا ده‌سوڕێته‌وه‌و ته‌نووره‌یه‌كی كورت و كراسێكی كردووه‌ته به‌ری و به‌شیكی سكی دیاره".
ڤیدیۆكه كه‌سانێكی له تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و وڵاته كۆنه‌پارێزه (سعوودیه) تووڕه كردبوو، به‌و هۆیه‌وه نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربری و(هاشتاگی) داوای دادگاییكردنی "العارضة خلود" خلودی نمایشكاریان به‌كار ده‌هێنا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناوه‌كه‌ی كه له‌سه‌ر تۆڕی سناپ چات ئه‌و ناوه به‌كارده‌هێنێ.
به‌شێكی به‌كارهینه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌نها به‌شێكی قاچی به رووتی یان ئه‌و به‌شه‌ی سكیان بڵاوكردبووه‌وه‌و ناڕه‌زاییان ده‌ربریبوو.
كه‌ناڵه سعوودییه‌كه له پێگه‌كه‌یان له تویته‌ر بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه "پۆلیسی ریاز ئه‌و ژنه‌یان ده‌ستگیركردووه كه خۆی دانه‌پۆشتووه‌و به‌و شێوه‌یه ده‌ركه‌وتووه‌و ره‌وانه‌ی داواكاری گشتیان كردووه".
توێژه‌ریكی ریكخراوی هیومه‌ن رایتس ۆوچیش له‌و باره‌وه ده‌ڵێت "هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ده‌ستگیركردنی "خلود مۆدێل" له سعوودیه یان سزادانی پێشیلكردنی مافی ئازادی را ده‌ربڕینه"، له كاتێكدا پۆلیس ده‌ستگیری كردووه‌و ره‌وانه‌ی داواكاری گشتی كردووه.
به‌ڵام به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ناوه‌ندی سعوودی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوده‌وڵه‌تی، ئه‌و كچه ئازادكراوه‌و هیچ تۆمه‌تێكی نه‌دراوه‌ته پاڵ و دۆسیه‌كه‌ی داخراوه.
هێشتا خه‌ڵكی له‌باره‌ی خلود ده‌نووسن و كه‌سێك به ناوی فاتیمه له تویته‌ر نوسیوویه‌تی "ئه‌گه‌ر خلود كه‌سێكی بیانی بوایه ده‌تان لاوانده‌وه و ته‌ماشای چاوه‌كانیتان ده‌كرد، به‌ڵام چونكه سعوودیه داوای دادگاییكردنی ده‌كه‌ن!".
به‌شیك چوونه‌ته‌وه سه‌ر باسی سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ریاز و ئه‌و كاته‌ی میلانیای هاوژینی و ئیڤانكای كچی له‌گه‌ڵدا بووه و له‌و باره‌یه‌وه‌شه‌وه هونه‌رمه‌ندێك ده‌م و چاوی ئیڤانكای به فۆتۆشۆپ خستووه‌ته سه‌ر جه‌سته‌ی خلود و باسی جیاوازی پێوه‌ره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه وه‌ك ئه‌وه وایه بۆ ئیڤانكا "حه‌ڵاڵ" و بۆ خلود حه‌رام بێت.
هه‌ندێكیش وێنه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی سه‌رمایه‌دارێكی سعوودی‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه كاتێك مانگی رابردوو له مه‌له‌وانگه‌یه‌كی ناودار پێشوازی له ئه‌ستێره‌ی پۆپ "ریهانا" كردووه‌و زۆربه‌ی پیاوانی سعوودیه لایكی وێنه‌كه‌یان كردووه.
نورا سلێمان ده‌پرسێت "ئه‌ی بۆچی كه‌س داوای دادگاییكردنی ئه‌و پیاوه ناكات؟".
یه‌كێكی دیكه‌ش ده‌ڵێت "كاتێك ریهانا له ئامێزی ئه‌و پیاوه نزیك ببوه‌وه سه‌ركۆنه‌تان نه‌كرد و به پێچه‌وانه‌وه پێتاندا هه‌ڵده‌گووت!".