"ئه‌ردۆغان سه‌ركه‌وێ و سه‌رنه‌كه‌وێ توركیا هه‌ر زیان ده‌كات"

دەرئەنجامی سەرکەوتن و شکستی ئەردۆغان لە تورکیا بزانە

K24 - هه‌ولیر:

هاوڵاتیانی تورکیا دەستیانکردووە بە هەڵبژاردنی سەرۆک و پەڕلەمانی وڵاتەکەیان و تا کاتژمێر 5ـی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، ئەگەری کەمە هیچ کاندیدێک بتوانێت بەتەنها زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێێت، بەڵام گریمان ئەردۆغان جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیای وەرگرتەوە، چی لە تورکیا روودەدات؟

ئەردۆغان لە ساڵی 2017، راپرسییەکی لە تورکیا ئەنجامدا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی تورکیا و تیایدا سەرکەوتوبوو، ئەگەر ئەم جارە ببێتەوە بە سەرۆکی تورکیا، ئەوا زیاتر سیستەمی وڵاتەکەی بەرەو سەرۆکایەتی دەگۆڕێت و ئەم گۆڕانکاریانە دەکات:

- خۆی بەرپرسان و وەزیر و جێگری سەرۆک هەڵدەبژێرێت.

- دەسەڵاتی دەبێت دەستوەربداتە سیستەمی دادگەری تورکیا.

- دەسەڵاتی دەبێت باری نائاسایی لە وڵات رابگەیەنێت.

بەهۆی هەوڵەکانی بۆ گۆرینی سیستەمی دەسەڵاتی تورکیا، رەخنەگران ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیەوێت تەواوی دەسەڵاتە باڵاکانی تورکیا لای خۆی کۆبکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەردۆغان سەرنەکەوێت تورکیا بارودۆخێکی دیکەی دەبێت و سیستەمی دەسەڵات جارێکی دیکە وەک پێشووی لێدەکرێتەوە، بە واتای ئەوەی سەرۆک وەزیران و پەڕلەمانی تورکیا زۆرترین دەسەڵاتیان دەبێت نەک سەرۆک.

بەڵام چاودێران پێیانوایە، شکستی ئەردۆغان بە ئاسانی بەسەر تورکیادا تێناپەڕێت و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ و ناسەقامگیری زۆر دەبێت، رووداوەکانی دوای "کودەتاکەی" ساڵی 2016 بەڵگەیە بۆ ئەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، لە ساڵی 2016ـەوە تاکو ئێستا، 160 هەزار کەس بەهۆی تێوەگلانیان لەو "کودەتایە" لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکراون، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە تورکیا لە ئێستادا ئەوەندە کارێکی ئاسان نەبێت.