دوایین زانیاری لەبارەی كوژرانی رۆژین بڵاودەكرێتەوە

"تاوانبارەكە دانی بە تاوانەكە داناوە"
kurdistan24.net

K24 - سۆران

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، دوایین زانیارییان لەبارەی كوژرانی ئەو كچە خستەڕوو كە ھەفتەی رابردوو لە سۆران كوژرا.

سالار تەحسین، بەرێوەبەری نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران رایگەیاند: "تۆمەتباری سەرەكی لە كوشتنی ئەو كچە، ناوی (د. م. ا) مامی كچەكەیە و تەمەنی 30 ساڵە و كارمەندی پۆلیسی ھاتووچۆیە لە قەزای سۆران".

لەبارەی ھۆكاری كوشتنی ئەو كچە محەمەد مھاجیر بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران-ناوشار، گوتی: "تاوانبارەكە دانی بە تاوانەكە داناوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ھەندێك وردەكاری لە لێكۆڵینەوەكەدا ماوە، بۆیە جارێ ناكرێ ھۆكارەكەی ئاشكرا بكرێت".

رۆژی 3 ئەم مانگە كچێكی تەمەن 16 ساڵ بەناوی رۆژین سەفەر، لە ماڵەكەی خۆیدا لە سۆران بە چەقۆ كوژرا، دوای رووداوەكە مامی ئەو كچەكە بە تۆمەتی كوژرانی دەستگیركرا.