ئەمەریکا دەرمانێکی کۆرۆنا لە جیهان ناهێڵێت

هەمووی دەرمانەکە بۆخۆی بەکاردێنێت

K24- هەولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەرمانی رێمدێسیڤیر لە بازاڕەکانی جیهان ناهێڵێت و هەمووی بۆخۆی بەکاردێنێت.

ئەو دەرمانە پێشتر دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا بەکار دەهات و لە لایەن گەورە کۆمپانیای دەرمانی ئەمەریکی Gilead Sciences بەرهەم دێت کە نرخەکەی بۆ هەر نەخۆشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەگاتە دوو هەزار و 340 دۆلار.

ئەو کۆمپانیایە بڕیاریداوە، تا سێ مانگی داهاتوو دەرمانەکە تەنها بۆ ئەمەریکا تەرخان بکرێت.

ئاندریو هیل، پزیشکی باڵا لە زانکۆی لیڤەرپوول بە سکای نیوزی راگەیاند، ئەو بڕیارە ئەمەریکا بە مانای ئەوە دێت، تا مانگی 10، هیچ شوێنێک جیا لە ئەمەریکا ناتوانێت ئەو دەرمانەی دەستبکەوێت.

دەشڵیت، رێمدێسڤیر، کاریگەرییەکانی خێرایە و خەڵک لە نەخۆشخانە دەردەهێنێت، رێژەی مردنیش کەم دەکاتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر رۆژێک پێکوتە هات، ئایا دەکرێت تەنها ئەمەریکییەکان بەکاری بهێنن؟

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا لە دوای ئەوە دێت، ژمارەی مردن بە کۆرۆنا 130 هەزار کەسی تێپەڕاند، دەرمانەکەش دەتوانێت ماوەی نیشانەکان لە 15 بۆ 11 رۆژ کەمبکاتەوە چونکە رێگری لە زیادبوونی ڤایرۆسەکە دەکات.

Skynews