مۆسكۆ: نيگه‌رانين له هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا رايگه‌ياند، نيگه‌رانين له هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا رايگه‌ياندووه، "مۆسكۆ دووپاتى پابه‌ندى به هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى خۆى بۆ گه‌يشتن به چاره‌سه‌ر له سووريا ده‌كاته‌وه. چاره‌سه‌رێك كه بنياتنرابێت له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌لامه‌تى خاكى سووريا و رێزگرتن له سه‌روه‌رى ئه‌و وڵاته".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، مۆسكۆ هه‌وڵده‌دات ده‌سته‌به‌رى چاره‌سه‌رى سياسى درێژمه‌وداى سووريا بكات به گوێره‌ى حوكمه‌كانى بڕيارى 2254ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى له دانووستانه‌كانى ئه‌ستانه و ناوچه نيمچه ئارامه‌كان پێى گه‌يشتووين.
له به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا رووسيا داواى له لايه‌نه‌كانى ململانێ كردووه، پابه‌ندى ئارامگرتن بن و دان به خۆيان‌دا بگرن.
روونيشيكردووه‌ته‌وه، ئامانجى سه‌ره‌كى رووسيا له مانه‌وه‌ى له‌سه‌ر خاكى سووريا پاراستنى ئاسايش و ئارامييه له ناوچه نيمچه ئارامه‌كاندا.
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا له راگه‌يه‌ندراوێكدا رايگه‌ياند، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد.
ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بۆمبابارانكردنى شارى عفرين له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيى و دها بڵاويانكرده‌وه، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركيا به ئاسمانى عفريندا سووڕاونه‌ته‌وه و چه‌ند خاڵێكيان كردووه‌ته ئامانج.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم رايگه‌ياند، هێزى ئاسمانيمان و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى سوپا ده‌ستيان به بۆمبابارانى عفرين كردووه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا دووپاتيكرده‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له بۆمبابارانكردنى عفرين و ئامانجيان له‌ناوبردنى "سته‌مى" په‌يه‌ده‌يه.