حه‌لبووسی خه‌ونی په‌رله‌مانتاران له مووچه‌ی خانه‌نشینی ده‌زڕێنێت
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ میدحه‌ت مه‌حموود، سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی هاوكاری نێوان په‌رله‌مان و دادگا بۆ ره‌وایه‌تیدان به چه‌ند یاسایه‌ك به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كرد.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، "حه‌لبووسی سه‌ردانی دادگای باڵای فیدراڵی كردووه و له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ میدحه‌ت مه‌حموود، سه‌رۆكی دادگا چه‌ند پرسێكی یاساییان تاوتوێ كردووه و، جه‌خت له‌سه‌ر كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی ته‌شریعی و دادوه‌ری بۆ ره‌وایه‌تیدان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند یاسایه‌ك كراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت یاسای خانه‌نشینكردنی په‌رله‌مانتاران".
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، "حه‌لبووسی دووپاتیكردووه‌ته‌وه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆمه‌ڵێك یاسای نوێ له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ده‌رده‌كات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "رۆڵی دادگای باڵا له چاودێریكردنی كاری ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات له‌ڕووی ده‌ستووریبوونه‌وه زۆر گرنگه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، "لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی دادگای فیدراڵ جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دادگا كرده‌وه، له‌پێناو ره‌وایه‌تیدان به یاساكان به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسیپانه‌ی له‌لایه‌ك داگای فیدراڵییه‌وه دیاریكراون".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له دانیشتنی دادگای باڵا ئاماده‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه له بڕگه‌ی تایبه‌ت به مافه‌كانی خانه‌نشینبوونی په‌رله‌مانتاران له یاسای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بڕوانێت".
حه‌لبووسی دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته په‌رله‌مانتاری خانه‌نشین به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسای گشتی خانه‌نشینانی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت"، ئه‌مه‌ش واتا دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر په‌رله‌مانتارێك خولی په‌رله‌مانتاری خۆی ته‌واو كرد، مافی هیچ ئیمتیازاتێكی په‌رله‌مانتاری نامێنێت و وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی حكوومه‌ت، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ته‌نیا مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووش كه ده‌كاته 6ی ئه‌م مانگه، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، په‌رله‌مان پێشنیازنامه‌یه‌كی له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵ خستووه‌ته‌ڕوو، كه ده‌بێت مافی خانه‌نشینی له په‌رله‌مانتاران بسه‌ندرێته‌وه و مووچه‌ی خانه‌نشینییان ببڕدرێت و له داهاتووشدا بكرێته یاسا.
له‌مباره‌شه‌وه عه‌لی عجیاوی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی چاكسازی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، "پێشنیازی سه‌ندنه‌وه‌ی مافی خانه‌نشینی له په‌رله‌مانتاران، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی هه‌رچوار خولی په‌رله‌مان به ئێستا و پێشووشه‌وه ده‌گرێته‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای كۆتاییهاتنی كاره‌كانی ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و پێشنیازه ده‌كرێت و ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه".
عجیاوی گوتی: "ئه‌و پێشنیازه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ بڕینی مووچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران ئاماده‌یكردووه، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی خوله‌كانی پێشوو و ئێستاش له‌خۆ ده‌گرێت"، دووپاتیشیكرده‌وه، "ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی خزمه‌تی 15 ساڵیان له فه‌رمانگه حكوومییه‌كان تێپه‌ڕاندووه و ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 50 ساڵی، ئه‌وا به‌گوێره‌ی یاسای خانه‌نشینی مووچه‌یان بۆ ده‌بڕدرێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێدانی مووچه‌ی خانه‌نشینی به سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران پێچه‌وانه‌ی یاسای گشتی خانه‌نشینییه، چونكه به‌شێكیان ته‌مه‌نی یاساییان تێپه‌ڕ نه‌كردووه و خزمه‌تی ته‌واویشییان نییه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینییان پێ بدرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی چاكسازی ئاشكراشیكرد، "بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ ئه‌و پێشنیازه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت، پێشنیازه‌كه له‌ناو په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ڕوو و دوای ته‌واو بوونی پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه".
H.B