به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر مه‌رجه‌كانی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌خاته ڕوو
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان لیستی مه‌رج و داواكارییه‌كانی ئاماده‌كردووه، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی دانوستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا بخاته به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق.
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری هاوار له رۆژئاوای كوردستان لیستی ئه‌و مه‌رج و داواكاریانه‌ی ئاشكراكردووه، كه له 10 خاڵ پێكهاتووه و له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا كورتكراونه‌ته‌وه:
1- یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا.
2- سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن له سووریا سیسته‌مێكی كۆماری دیموكراتی بێت و، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ریش به‌شێك ده‌بێت له‌و سیسته‌مه.
3- نوێنه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له په‌رله‌مانی ناوه‌ندی "په‌رله‌مانی سووریا له دیمه‌شق" بوونیان هه‌بێت.
4- پێویسته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ئاڵای خۆی شانبه‌شانی ئاڵای سووریا هه‌ڵبكات.
5- ره‌وتی دیپلۆماسیه‌ت له ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی سووریا و ده‌ستوور بگونجێت.
6- هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌شێك ده‌بن له سوپای سووریا و به‌رپرسه له پاراستنی سنووره‌كانی وڵات.
7- هێزی ئاسایشی ناوخۆ له ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ئه‌ركه‌كانی له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی ناوخۆیی راده‌په‌ڕێنێت، به‌و مه‌رجه‌ی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری سووریا نه‌بێت.
8- خوێندن به زمانی دایك ده‌بێته بنه‌مای زانست له ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر، زمانی عه‌ره‌بیش زمانی فه‌رمییه له سه‌رانسه‌ری سووریا.
9- له ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر خوێندن له كۆلیژه‌كانی مێژوو، رۆشنبیری، زمان و به‌شه وێژه‌ییه‌كان به زمانی ناوخۆیی ناوچه‌كان ده‌بێت.
10- سه‌ره‌وه‌ت و سامانی سووریا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و بێ جیاوازی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
H.B