ته‌ندروستی جیهانی رێنماییه‌كانی بۆ مانگی ره‌مه‌زان راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی رێگه‌گرتن له ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژماره‌یه‌ك راسپارده و رێنمایی تایبه‌ت به رۆژووگرتن له مانگی ره‌مه‌زان ده‌داته موسڵمانان.
نووسینگه‌ی هه‌رێمیی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له راپۆرتێكدا، بۆ هۆشیاری زیاتر له كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ماوه‌ی مانگی ره‌مه‌زان، داوای له موسڵمانان كرد، رۆژانه بڕێكی زیاتر ئاو له نێوان ژه‌مه‌كانی به‌ربانگ و پارشێویش بخۆنه‌وه و شله‌مه‌نییه‌كان و ئه‌و خواردنانه بخۆن، كه رێژه‌یه‌كی زیاتر ئاو له‌خۆ ده‌گرن.
له راپۆرته‌كه‌یدا رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی دووپاتی كرده‌وه، ئێستا كه به‌ره‌و وه‌رزی گه‌رما ده‌چین و پله‌كانی گه‌رما رۆژ به‌ڕۆژ به‌رزتر ده‌بنه‌وه، رێژه‌ی ئاره‌قه‌كردنیش له مرۆڤ زیاتر ده‌بێت، بۆیه پێویسته به‌شی ئه‌وه‌نده شله‌مه‌نی له نێوان ژه‌مه‌كانی به‌ربانگ و پارشێودا بخورێت، كه قه‌ره‌بووی ئه‌و ئاوه بكاته‌وه، كه له كاتی ئاره‌قه‌كردندا به رۆژ له له‌شی مرۆڤ ده‌رده‌درێت و پێویسته مرۆڤی ئاسایی به‌لایه‌نی كه‌م رۆژانه 10 په‌رداغ ئاو بخواته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته رۆژووگران خۆیان له‌و خواردنه‌وانه به‌دوور بگرن، كه رێژه‌یه‌كی زۆر كافایینیان تێدایه، له‌وانه‌ش: قاوه، چا و خواردنه‌وه گازییه‌كان، چونكه كافایین ده‌بێته هۆی میزكردنی زیاتر، به‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زیاتری ئاو له له‌شی مرۆڤه‌وه ده‌رده‌درێت و ده‌بێته هۆی تووشبوون به وشكهه‌ڵاتنی له‌ش "جه‌فاف".
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له رۆژانی گه‌رم ده‌ستپێده‌كات و كاتژمێره‌كانی رۆژیش درێژن، كه تێكڕای ناوه‌ندینه‌ی ده‌گاته 15 بۆ 16 كاتژمێر بۆ هه‌ر رۆژێك.
ئامۆژگاری ئه‌وه‌ش ده‌داته موسڵمانان، له ماوه‌ی نیۆه‌ڕۆدا په‌نا بۆ شوێنه فێنك و سێبه‌ره‌كان ببه‌ن و خۆیان له به‌ركه‌وتن به تیشكی خۆر به‌دوور بگرن.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، پێویسته موسڵمانان له مانگی ره‌مه‌زان بۆ به‌ربانگ ژه‌مێكی ته‌ندروست و هاوسه‌نگ بخۆن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاسته‌كانی وزه‌ی له‌ش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه و ئامۆژگاری ئه‌وه ده‌كات، كه هه‌ر له‌سه‌ر رێچكه‌ی جاران واباشه كه‌سی رۆژووگر به‌ربانگه‌كه‌ی به 3 ده‌نكه خورما بكاته‌وه، چونكه خورمان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆری مادده‌ی ریشاڵه‌یی ده‌وڵه‌مه‌نده.
هه‌روه‌ك پێویسته بۆ به‌ربانگ زۆرترین سه‌وزه بخورێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڤیتامین و خۆراكه مادده‌ی زیاتر به له‌ش ببه‌خشێت، وێڕای خواردنی دانه‌وێڵه، كه رێژه‌یه‌كی زۆری وزه و مادده‌ی ریشاڵه‌ییان تێدایه.
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له راپۆرته‌كه‌یدا دووپاتی ده‌كاته‌وه، پێویسته كه‌سی رۆژووگر ئه‌و جۆره گۆشتانه بخوات، كه رێژه‌ی چه‌وری تێیاندا زۆر كه‌مه و هه‌وره‌ها خواردنی مریشك به‌بێ پێسته‌كه‌ی و ماسیش چ به برژاوی یاخۆد كوڵاوی له‌ناو فرن، كه ئه‌و خواردنانه پرۆتینی سوودبه‌خش و ته‌ندروست به له‌ش ده‌به‌خشن. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ده‌بێت رۆژووگران خۆیان له خواردنه سووركراوه‌كان و ئه‌و خواردنه درووستكراوانه به‌دوور بگرن، كه رێژه‌یه‌كی زۆر شه‌كر و چه‌ورییان تێدایه.
H.B