پارێزه‌رێك له‌ كتێبێكدا "فرتوفێڵه‌كانی تره‌مپ" ئاشكرا ده‌كات

"خیانەتكار"، چیرۆكی راستەقینەی مایكڵ كۆھین، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ

K24 - ھەولێر: 

مایكڵ كۆھین، پارێزەری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، پێشەكی پەرتووكەكەی بڵاوكردەوە و بەڵێنیدا چۆنیەتی فرتوفێڵكردنی ترەمپ لە میانی ھەڵبژاردنەكانی رابردووی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا بە یارمەتی رووسیا ئاشكرا بكات.

لە پێشەكی پەرتووكەكه‌یدا، كە بەناوی "خیانەتكار- چیرۆكی راستەقینەی مایكڵ كۆھین، پارێزەری پێشووی سەرۆك ترەمپ" كۆھین دەڵێت: نیوەی ئەمەریكاییەكان لەو بڕوایەدابوون، كەوا لە راستیدا، ترەمپ لە لایەن رووسیاوە فێڵی لێكراوە و لە میانی درۆكانیدا رێگای خۆی بەرەو كۆشكی سپی بڕیوە.

سەبارەت بە نیوەكەی دیكە، واتە لایەنگرانی ترەمپ، بەدیدی ئەوان، ھەموو ئەو ئابڕووچونەی لەگەڵ رووسیا ھەوڵێكی ھەڵچنراوی دیموكراتەكان بووە بۆ راوكردنی تارماییەكان. ھەردوولاش لەو بڕوایەدان ھەڵە بوون.

گوتیشی: ترەمپ دەستی لەگەڵ رووسیا تێكەڵ كرد، بەڵام نەك بەشێوازێكی زیرەكانە، وەك رەخنەگرانی مەزندە دەكەن. ترەمپ بە ھاوكاری رووسیا لەو ھەڵبژارندنانەدا فێڵی كرد، ئەمەش لەو لاپەڕانەمدا ئاشكرا دەكەم.

چاوەڕێ دەكرێت پەرتووكی پارێزەری ترەمپ لە 8ـی ئەیلوول بڵاوبكرێتەوە.

كۆھین بە سێ ساڵ زیندانیكردن حوكمدرا، بە تاوانی پێشێلكردنی كاری دارایی و ھەندێك بابەتی دیكە. لە مانگی ئەیاری رابردوو؛ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئازاد كرا و خرایە ژێر مانەوەی ناچاری، بەڵام دوای ئەوە كوھین لە شەقامەكانی نیویۆرك و خواردنگەكاندا بینرا، بۆیە لە 9ی تەمووزی رابردووەوە گەڕێندرایەوە زیندان، بەڵام دواتر دادگا جارێكی دیكە بڕیاری ئازادكردنی دایەوە. 

سەرچاوە: نۆڤۆستی