شاره‌زایانی سیاسی: هاوپەیمانی نێودەڵەتی بۆ روبەڕووبونەوەی داعش پشت بە سەرۆک بارزانی دەبەستێـت

پاڵه‌وانی راسته‌قینه‌ی رزگاركردنی مووسڵ سه‌رۆك بارزانی بوو
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

لە دوای بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2016 هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی لەماوەی چەند رۆژێکدا سەدان کیلۆمەتر لە خاکی ژێر دەستی داعشیان رزگارکرد و بە دەیان چەکداریش کوژران و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا، لەبەرامبەر رۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەرکردایەتیکردنی ئەو شەڕانەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاندبوو، ئێمە رێز لە مێژوو و کارەکانی سەرۆک بارزانی لە شەڕی دژ بە داعش دەگرین، کە بەهۆیەوە پێشمەرگە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەریان لەو شەڕەدا هەبووە.

لەدوای داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق لە ساڵی 2014 بەهۆی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای عێراق و پاشەکشەکردنیان بەبێ هیچ بەرگرییەک، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی شکۆی ئەو رێکخراوە تێکبشکێنێت و داعش لە هێرشکردنەوە ناچار بە بەرگریکردن بکەن.

لە 7-8-2014 چەکدارانی داعش شارۆچکەی مەخمووریان داگیرکرد و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سەنتەری پارێزگای هەولێرەوە دووربوون، لەوکاتەدا سەرۆک بارزانی لە رێگەی هەوڵەکانییەوە ئیدارەی ئه‌مه‌ریكا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆبامای رازیکرد، پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بکەن و پێگەکانی داعش لەو شارۆچکەیە بۆردوومان بکەن، کە ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژ بەو رێکخراوە بە سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا. 

سەرۆك بارزانی نەك ھەر وەك فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان پلانداڕێژەر و سەرپەرشتیاری شەڕەكانی دەكرد، بەڵكو توانیی پشتیوانیەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هه‌رێمی كوردستان لەو شەڕەدا بەدەستبخات و بەشێوەیەك سەرنجی جیھانی بۆ كوردستان و پێشمەرگە راكێشا، كە بەرپرسە جیاجیاكانی دەوڵەتان سەردانی كوردستانیان دەكرد  و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبوونەوە بەردەوام جەختیان دەکردەوە، پێشمەرگە لە جیاتی جیھان شەڕی داعش دەكات، بۆیەش، هاوپەیمانان بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دژ بەو رێکخراوە راستەوخۆ پەیوەندییان بە سه‌رۆك بارزانییەوە ده‌كرد و رێنماییەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە بەرچاو ده‌گرت.

بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق لە لێدوانێکیدا لەبارەی رۆڵی سەرۆک بارزانی لە تێکشکاندنی داعش و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، لەشەڕی داعشدا نزیکەی 80 وڵات لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەسەر هێڵ بوون.

ئێستاش لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە سووریا و عێراق جارێکی دیکە نوێنەری وڵاتان روویان لە بارەگای بارزانی کردووەتەوە، بۆ وەرگرتنی راوێژ لەبارەی دووبارە کۆتایی هێنانەوە بە مەترسی داعش.

سەرۆک بارزانی بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بۆ نەهێشتنی داعش پێویستە رووبەڕووی فکری توندڕەوەی ببنەوە و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو رێکخراوە توندڕەوانە کۆتاییان پێبهێنرێت.

لەدوای بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵیش لە 17-10-2016 هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی یەکەم تەقەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵی کرد، کە لەماوەی چەند رۆژێکدا سەدان کیلۆمەتر لە خاکی ژێر دەستی داعش رزگارکران و بە دەیان چەکداریش کوژران و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا. 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پسپۆڕانی پەیوەندییەکانی  نێودەوڵەتی و سیاسی رایدەگەیەنن، سەرۆک بارزانی رۆڵی گەورەی لە هێنانە سەرخەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گێڕا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش، دەشڵێن بۆ قۆناغی ئێستاش هاوپەیمانی نێودەڵەتی شەڕی داعش پشت بە سەرۆک بارزانی دەبەستێـت بۆ روبەڕووبونەوەی داعش و دۆخی ئەمنی و سیاسی  عێراق و بنبڕکردنی داعش.

 كاتێك يادى سێ ساڵ سەركەوتن بەسەر داعش له موسڵ ده‌كرێته‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بير خه‌ڵك بهێنرێته‌وه‌، كه سەرۆك بارزانی بوو پلانی بەرگریكردنی داڕشت و ھەرێمی كوردستانی پاراست، دواتر پلانی بەرگری بۆ ھێرشكردن گۆڕی و سەرئەنجام توانی ھەموو ئەو ناوچانە رزگاربكات كە كەوتبوونە ژێر دەستی داعش.