لێژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی كاره‌كانی پارێزگاری نه‌ینه‌وا رایی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، شانه‌ی تایبه‌ت به رووداوه‌كه‌ی مووسڵ پێكهێناو سێ بڕیاریشی ده‌ركرد.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاریداوه، شانه‌ی تایبه‌ت به قه‌یرانه‌كه پێكبهێنێت و هه‌ریه‌ك له "موزاحیم قاسم خه‌یات" سه‌رۆكی زانكۆی نه‌ینه‌وا، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگاكه‌ی كردووه‌ته ئه‌ندام، راسته‌وخۆش له هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدا ده‌بن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق.
له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، كاره‌كانی پارێزگاری ئێستا، كه نۆفه‌ل عاگوبه، راده‌گیرێت و له‌جیاتی ئه‌و، لێژنه سێ كه‌سییه‌كه كاره‌كان رایی ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌گاته بڕیاری كۆتایی.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه، دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه، په‌له بكرێت له لێكۆڵینه‌وه‌كان و به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوونه له رووداوه‌كه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پێویستی زیانلێكهوتووان.
هاوكات داوا له ده‌زگا راگه‌یاندن و هاووڵاتیانیش كراوه، هه‌ست به به‌رپرسیارێتی نیشتمانی بكه‌ن له كاتی قه‌یرانه و رووداوه‌كاندا و نه‌بنه هۆكاری ئاڵۆزی زیاتر و دۆخه‌كه هێورتر بكه‌نه‌وه.
دوێنێ پێنجشه‌ممه، 21ی ئادار/ مارسی 2019، به‌له‌مێكی په‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌شتیاران له دوورگه‌ی گه‌شتیاری باكووری رۆژئاوای مووسڵ، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری دیجله نقوومبوو و به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 100 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستداو تا ئێستاش ژماره‌یه‌ك گه‌شتیار بێسه‌روشوێنن، كه زۆربه‌یان ژن و منداڵن.
ئ. م