لە بەریتانیا هێرش کرایە سەر چوار مزگەوت

سەنتەری موسڵمانان و مزگەوتەکان کراونەتە ئامانج

K24 – هه‌ولێر:

ئەفسەرانی دژە تیرۆری شاری بیرمینگهامی بەریتانیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر چوار مزگەوتی شارەکە کردووە، کە بوونەتە مایەی ناڕەزایی موسڵمانان.

لە شاری بیرمینگهام، له‌ شه‌ودا چەند هێرشێک کراونەتە سەر چوار مزگەوت. لە رێگای چەکووشەوە، پەنجەرە و دەرگاکانیان شکێنراون، ئەمەش دەنگی ناڕەزایی مامۆستایانی ئایینی لەو شارەی رۆژئاوای بەریتانیا بەرز کردووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی دەیلی مەیلی بەریتانی، هێرشەکان لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوه‌ لە درەنگانی دوێنێ شەودا ئەنجام دراون و بە هۆیانەوە، حەوت پەنجەرە و دوو دەرگای چوار مزگەوت شکێنراون.

دژە تیرۆری شارەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هێشتا هێرشبەران و هۆکاری هێرشەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

تەنها ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، هێرشبەران شەقامی ویتۆنیان لە شاری بیرمینگهام کردووەتە ئامانج، کە بە سەنتەری خەڵکانی موسڵمان و مزگەوتەکان ناسراوە.

لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی شاری کریس چێرچ لە وڵاتی نیوزیلاند، کە تیایدا 50 نوێژخوێن گیانیان لە دەست دا و نزیکەی 50 دیکەش برینداربوون، دووەم جارە لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشی سەر مزگەوتەکان لە وڵاتانی نا ئیسلامی ئەنجام دەدرێن.

تەنها مزگەوت و موسڵمانان نەبوونەتە ئامانجی توندووتیژییەکان، بەڵکو وەک ئەوەی لە هەواڵێکی سایتی تێلیگرافدا هاتووە، دوێنی چوارشممە، شۆفێرێکی پاسی سەنیگالی "لە تۆڵەی خنکانی منداڵانی پەنابەر لە دەریاکان"، پاسێکی گواستنەوەی منداڵانی لە شاری کریمۆنای ئیتاڵیا رفاندووە و هەوڵی سووتاندیانی داوە، بەڵام پۆلیس رێگریی لە رووداوەکە کردووە.

جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نائارامیی و هەژاریی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا، لێشاوی پەنابەرانی بۆ ئەوڕوپا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا تەواو زیاد کردووە، ئەمەش بەریەکكەوتنی کولتوور و ئایینەکانی زیادتر کردووه‌؛ كه‌ بە هۆیەوە چەند جارێک هێرشی نەخوازراو و خوێناویی ئەنجام دراون.

 

H.J