حكومهت دهستی به جێبهجێكردنی وهرگرتنهوهی موڵكهكانی كردووه
K24- ههولێر:
رێکخستنەوەی موڵکەکانی حكومەت و وەرگرتنەوەیان یەکێك لەو خاڵە گرنگانهيه کە کابینەی نۆیەم کاری لەسەر کردووە، وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: حکومەت رژدە لەسەر وەرگرتنەوەی موڵکەکانی.
دارا رهشید، وەزیری پلاندانانی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دەست بە جێبەجێ کردنی وهرگرتنهوهی موڵكهكان كراوه و لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیار و رێکاری نوێ لەو بارەییەوە دەردەکات.
هاوكات نزار مەلا عبدالغفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی لە پەرلەمانیش یاسا بۆ پاراستی موڵكی گشتی دەرچووە، بەڵام وەك لیژنەکەیان چاودێرن لەسەر جێبەجێ کردنی کارنامەکەی حکومەت، دەست کراوە بە وەرگرتنەوەی ئەو موڵکانە و دەشڵێت: تەنھا لەماوەی رابردوودا ٥٠ ھەزار زێدەڕۆيی لە قەزا و ناحییەکانی دەوروبەری پارێزگای ھەولێر لابراون.
لەگەڵ ئەوەی کابینەی نۆیەم بهشى زۆرى پلانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تهرخان كرد، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆکار کە پلانی کابینەكه بە تەواوی پشتگوێ بخرێت و لەگەڵ جێبەجێ کردنی پلانی رووبەڕووبوونەوەی ئهو پهتایه، کار لەسەر خاڵ بەخاڵی کارنامەی حكومەتیش کراوە و ئەنجومەنی وەزیران رێکار و رێنمايی و بڕيارى دەرکردووە بۆ جێ بەجێ کردنیان.
H.B