ئێران هۆشداری له سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران هۆشداری له شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌ی ده‌دات و رایگه‌یاند، دۆخی ته‌ندروستی له‌و وڵاته سه‌لامه‌ت نییه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی "روسیا الیوم"، ئیره‌ج حه‌ریرچی، جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی ئێران دووپاتی كرده‌وه، "به‌هۆی گه‌رده‌لوولی كۆرۆنا ئێران ده‌بێته ده‌ریایه‌كی شه‌پۆلداری ئه‌و په‌تایه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وڵاته‌كه‌یان شه‌پۆلی دووه‌می تووشبوون به په‌تاكه‌ی تێپه‌ڕاندووه و سێیه‌م شه‌پۆلی ئه‌و ڤایرۆسه، كه زۆر له یه‌كه‌م و دووه‌میان كوشنده‌تره، روو له وڵاته‌كه‌یان ده‌كات.
به گوته‌ی ئاژانسه رووسییه‌كه، له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیۆنی ئێرانی، حه‌ریرچی گوتی: تارانی پایته‌خت بووه‌ته چوارڕیانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ته‌واوی شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ی رابردوودا رێژه‌ی تووشبوون له نه‌خۆشخانه‌كان بۆ دوو ئه‌وه‌نده به‌رز بووه‌ته‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوای دوو هه‌فته له رێوڕه‌سمه‌كانی عاشورا و پشووی فه‌رمی، كه بوونه دوو هۆكار بۆ گه‌شتكردنی ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی له نێوان شاره‌كاندا، ئاماره‌كانی كۆرۆنا له‌و وڵاته به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوونه‌وه‌یان به‌خۆیه‌وه بینی.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستیی ئه‌و وڵاته‌ش پێشبینی ده‌كه‌ن، دۆخی ئێران له وه‌رزی پایزدا زۆر سه‌خت ده‌بێت، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ وه‌رزی ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌نفلۆوه‌نزای وه‌رزی.
كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووریش رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتداران 16 ملیۆن پێكوته‌ی ئه‌نفلۆوه‌نزایان ئاماده كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به منداڵان، به‌ساڵاچووان و ئه‌وانه بدرێت، كه به‌ده‌ست نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌مه‌ش وه‌ك دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری تووشبوون به كۆرۆنا.
لای خۆشیه‌وه سیما لاری سادات، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند، ئاماره‌كانی هه‌ندێك له پارێزگاكان مه‌ترسیدارن و زیادبوونی رێژه‌ی تووشبوون به كۆرۆنا جێگه‌ی نیگه‌رانییه.
سادات داوای سه‌پاندنی رێكاری نوێی ته‌ندروستیشی كرد و گوتی: پابه‌ندنه‌بوون به دووری كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌ر چالاكییه‌ك، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخه‌كه و ئاستی په‌تاكه له وڵاته‌كه‌یان ده‌بێت.
H.B