سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە کەرکووک

K24 - کەرکووک

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بە یاوەریی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی گەیشتە کەرکووک و لەگەڵ راکان جبووری کۆبووەوە.

فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و شاندە سەربازییەکەی یاوەری، ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-7-2020) بە ئامادەبوونی فەرماندەی پێشکەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی لیوای 61 لە کەرکووک، لەگەڵ راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لەبارەی رەوشی ئەمنی و ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوە.

بەپێ میدیاکانی عێراق راکان جبووری، لە کۆبوونەوەکەدا شانازیی بە هێزە ئەمنییەکانەوە کردووە و گوتوویەتی هەمیشە پاڵپشتمانن.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە دوێنێ گوته‌بێژی ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی سوپای عێراق، لیوا ته‌حسین خه‌فاجی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری هاوبه‌ش به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ خاڵین له‌ هێزی پاسه‌وانی هه‌رێم و هێزه‌كانی ئیتیحادی.