سێ بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن
K24 – ههولێر:
هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو کە دەکەونە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا رێککەوتن.
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی کوشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "سێ بەنداو لە سنووری ناوچەی مێرگەسوور دروست دەکرێن و حکومەتی عێراق و تورکیا رەزامەندییان بۆ دروستکردنیان پیشانداوە".
محەمەد ئەمین فارس وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و ئەنقەرە گفتوگۆی کردووە و دەڵێت: "دیزاینی سەرەتایی بۆ پڕۆژەکان کێشراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە دیزاینی کۆتاییش بکێشرێت".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ناوچەکان سنووریی و هاوبەشن، تێچووی پڕۆژەکان لە لایەن حکومەتی عێراق و تورکیا بە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".
ئەو پڕۆژەیە جیا لەوە بڕێکی زۆر ئاو دەپارێزێت، هەر یەکەیان بڕی 40 بۆ 60 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
H.J