کچە گۆرانیبێژێکی کورد له‌ نیوزلاند ده‌چێته‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م

به‌ پێش جه‌ستن بیبه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

نوێترین گۆرانی کچە گۆرانیبێژی کورد بە ناوی (بیری گاڵتەکانت دەکەم) لە ریزبەندی زۆرترین گوێلێگیراوەکانی پرۆگرامی میوزیکی ئایتونزە لە نیوزلەندا کە پێشی گۆرانیبێژە بەنێوبانگەکانی وەک (ئاریان گراندی) و (جەستن بیبەر) و (دوای لیپای) داوەتەوە.

ڤیڤیان نووری بە کوردستان 24ی گوتی: "هەموو شتەکان بەخێرایی گۆڕاون بەشێوەیەک ناتوانی خۆیان بۆ ئامادەبکەیت،" سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گۆرانی لە سەردەمی کۆرۆنادا رایگەیاند، "کە شێوازی بڵاوکردنەوەی گۆرانی بەو شێوەیە نەگۆڕاوە و کاتێک گۆرانییەکە تێکەڵکرا، دەتوانی لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامی بۆ بکەیت هەروەك چۆن لە پێشوودا کراوە."

(بیری گاڵتەکانت دەکەم)، سێهەمین گۆرانی ڤیڤیان نووریە لە دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم گۆرانی لە ساڵی 2018 بە ناوی (لێرەوە بەرەو کوێ بڕۆین) و دووەم گۆرانی بە ناوی (ماڵئاواییەکی دڵخواز) بوو.

ڤیڤان نووری لە ماوه‌یه‌كی کەمدا بوو بە یەکێك لە گوێلێگیراوترین گۆرانیبێژەکانی نیوزلەندا و له‌ میدیاكانیش گرنگی تایبه‌تی پێدرا و ستایشی کارەکانی کرا.

پەتای کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر کارە هونەرییەکانی ڤیڤا نووریش داناوە بەشیوەیەک کە ناتوانی بەشێوەیەکی "داهێنەرانە" کارەکانی ئەنجام بدات.

ڤیڤیان بە رەچەڵەک کوردە و لە دایکێکی کەرکووکی و باوکێکی هەولێری هاتووه‌تە دنیا و کە لە ساڵی 1991ـەوە کوردستانیان بەرەو هەندەران جێهێشتووە. لە دوای پەناهەندەیی لە وڵاتی سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵ، لە وڵاتی نیوزلەندا نیشتەجێدەبن.

ئامادەکردنی: كارزان سولیڤانی