گڵكۆی منداڵه‌كانی سێوه‌ له‌ جیاتی ناوی باوكیان ناوی دایكیان نووسراوه‌

مامی سێوه‌: دادگا به‌ڵگه‌ی ته‌واو و سه‌لمێنه‌ری كه‌یسه‌كه‌ی له‌لایه‌ و چاوه‌ڕوانی بڕیارین
kurdistan24.net

K24 - چه‌مچه‌ماڵ:

گیان لەدەستدانی سێوە قادر و منداڵەکانی، رەنگە دەگمەنترین حاڵەت بووبێت، لەوەش دەگمەنتر نوسینەوەی ناوی سێوەیە لەپاش ناوی ھەر سێ منداڵەکەی لەبری باوکیان، کەسوکارەکەشی دەڵێن باوکیمان بەشیاو نەزانی بۆیە ناوی سێوەمان لەسەر کێڵی گڵکۆی منداڵەکان نووسی.

لەنێو ھەموو گۆڕەکان، سێ گۆڕی تەواو جیاوازن، کێلی گۆڕه‌كان وەك گیان لەدەستدانەکەیان پرسیاری زۆر درووست دەکات.

لارین، دارین و دەروون، سێ منداڵە سووتاوەکەی سێوە قادرن، لە بری ناوی باوکیان ناوی سێوە، لەسەر کێڵی گڵکۆکان نووسراوە، وەڵامی ئەم پرسیارەش لەلای مام قادرە و ده‌ڵێت: "باوکیمان بەشیاو نەزانی بۆیە ناوی سێوەمان لەسەر کێڵی گڵکۆی منداڵەکان نووسی".

دایک و باوکی سێوە گۆڕستان بووەتە ماڵی دووەمیان، چونکە ھەفتانە چەند جارێک بەبێ دەنگی لەسەر گڵکۆی سێوە و جگەر گۆشەکانی ئیشک دەگرن و چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی کچەکەیان دەکەن.

مامی سێوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە باوکی منداڵەکان مافی ئەوەی نەبوو ناوی لە پاش ناوی منداڵەکانی بنووسرێت، بۆیە سێوەیان بەشایەن زانی ناوی بنووسرێ.

نووسینەوەی ناوی دایك لە بری باوك، رەنگە یەکێك بێت لە حاڵەتە دەگمەنەکان روویدابێت، پارێزه‌رێکی کەیسەکەش ده‌ڵێت: "لە رووی یاسایيەوە ھیچ گرفتێکی نيیە".

بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، ھاوسەری سێوە و ئافرەتێك وەك تۆمەتبار لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون، کەسوکارەکەشی چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی کەیسەکەن.

ئ. م