ھاووڵاتیانی شێخ مەقسوود بۆ پشتیوانی دەچنە عەفرین

"عەفرین بە تەنیا نییە"
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتییانی گەڕەكی شێخ مەقسوودی سەر بە حەلەب، بۆ پشتگیری و بەرگریكردن لە شاری عەفرین، روویان لە شارەكە كردووە و داواش دەكەن گەلی عەفرین لەسەر پێ بووەستێت و بەرخودان بەردەوامی پێبدەن. 

خەڵكی شێخ مەقسوود رایدەگەیەنن، عەفرین بە تەنیا نییە و ھەموو رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ خەڵكی عەفرینە بۆ بەرگریكردن و پاراستنی.

ھاووڵاتییەكی شێخ مەقسوود لەنێو ئاپۆرای خەڵك لە عەفرین بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە بۆ پشتگیری كردن لە گەلی خۆمان ھاتووینەتە عەفرین، ھەرگیز خەڵكی عەفرین بە تەنیا جێ ناھێڵین، وەك چۆن لە شێخ مەقسوود بەرگریمان كرد و سەركەوتین، بە ھەمانشێوە پشتگیری لە خەڵكی عەفرین دەكەین".

سەركردەكانی ئیدارەی خۆجێی رۆژئاوای كوردستان، دڵخۆشی خۆیان بەو پشتیوانی و ھاتنی ھاووڵاتیانی دیكە بۆ عەفرین نیشاندەدەن. ھەدیە یوسف، ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵی لە باكووری سووریا بە كوردستان24 گوت: "ھەموو پێكھاتەكانی شێخ مەقسوود ھاتوونەتە عەفرین بۆ پشتگیری و پیرۆزبایی سەركەوتنیان لە خەڵكی عەفرین كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرگریكردن لە شارەكە دووپاتكردەوە".

پێشتریش دانیشتووانی زۆر لە شاروشارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ پشتگیری چوونە عەفرین، ھەروەھا شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی عەفرینیان كرد و بڕێك ھاوكاری تەندروستیشیان گەیاندە شارەكە و پشتگیری باشووری كوردستانیشیان بۆ بەرخودانی عەفرین دووپاتكردەوە.

ماوەی مانگێكە ھێرشی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە، بە گوتەی بەرپرسانی یەپەگە تا ئێستا توركیا تەنھا توانیویەتی چەند گوندێكی سەرسنوور داگیربكات.

لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆردوومانكردنی شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد. بە گوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین تا ئێستا 170 كەس بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانەكانی توركیا لە عەفرین شەھید بوونە و 650 كەسی دیكەش برینداربوونە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر عەفرین 32 سەربازی توركیا كوژراون.

H.M