یەكگرتوو بریندارە

"دەنگدەران چەندین بەڵگەیان بۆ ناردووین كە دەنگەكانیان دزراوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پێنج فراكسیۆن لە شەش حزبەكە، دەنگی خۆیان داوەتە پاڵ دەنگی كادیر و لایەنگرانی خۆیان و پێكەوە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا ئەوان نوێنەری دەنگدەرانی خۆیانن بۆ ناوخۆی كوردستان، فراكسیۆنی یەكگرتوو رایدەگەیەنێت، دەنگدەرانمان داوایان لێكردووین بەدواداچوون بۆ دەنگەكانیان بكەین و ئێمەش بەدەم داواكانیانەوە دەچین.

بەھزاد دەروێش، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان چەندین بەڵگەیان بۆ ناردووین كە دەنگەكانیان دزراوە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات، بۆیە پێویستە وەك پەرلەمانتار بەدواداچوونی بۆ بكەین و دەنگە دزراوەكان بگێڕنەوە".

پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ھەڵبژێردراوی ھەڵبژاردنی چوار ساڵ زیاتر لەمەوبەرن، ئەوان نوێنەری خەڵكی كوردستانن بۆ ناو ھەرێمی كوردستان، ئێستاش ھەڵوێست ئەنجامی ھەڵبژاردنێك رەتدەكەنەوە كە بۆ پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنی شیوعی دەڵێ، لە رووی یاساییەوە ھیچیان پێناكرێت، بەڵام ئەوان وەك ھەر تاكێكی كۆمەڵگە ئازادن لە بیروبۆچوونەكانیان.

ئەبو كاروان، سەرۆكی فراكسیۆنی شیوعی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "ئەو ساختەكارییەی لە ھەڵبژاردنەكان كراوە، ھەموو خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی رەخنەی لێ بگرێت نەك تەنھا چەند فراكسیۆنێك، بەو بابەتە ناوبانگی ھەرێمی كوردستان ناشیرین كراوە، باوەڕناكەم ھیچ حزبێك ھەبێت لە كوردستان بەوانەش كە ساختەكاریشیان كردووە رەخنە و تێبینیان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن نەبێت".

بەھۆی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەوە تا ئێستا دیار نییە شەش حزبەكە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكەن یان دێنە ژێر باری ئەنجامەكانی كۆمیسیۆن. ھەنگاوەكانی داھاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

ھ.م