ساڵیادی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم ... سەركەوتن بەسەر بەربەستەكان

یاسای چاکسازی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

لە پەرلەمانی کوردستان لەکاتی متمانەدان بە کابینەکەی، مەسرور بارزانی بەڵێنيدا پرۆژه‌یاسای چاکسازی بنێرێتە پەرلەمان و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرەڕای قەیرانە سیاسی، تەندروستی، ئابووری و فشارە سیاسییەکان، دواجار یاسای چاکسازی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ تیمەکەی لە کابینەی نۆیەم، دواجار سەرکەوتووبوون بەسەر بەربەستە سیاسییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئێستاش وەزارەتەکانی حکومەت سەرقاڵی تەواوکردنی ئەو رێکارانەن کە دەبێت بەپێ ماددەکانی یاساکە جێبەجێی بکەن.

پەرلەمانتاران ئەمە بە دەستکەوتی گەورەی کابینەی نۆیەم دەزانن، کە لە ماوەی یەک ساڵی تەمەنیدا ئەو هەنگاوە گەورەیەی لە بواری چاکسازیدا ناوە.

رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی گشتگیر، کارنامەى سەرەکیی کابینەی نۆیەمن و لە بواری مووچە و رێکخستنەوەی دەرماڵە و خانەنشینی، یاساکە لە قۆناغی جێبەجێکردندايه، بۆ داهاتووش چاکسازی لە داهات و خاڵە سنوورییەکان و سێکتەرەکانی دیکەش دەستپێدەکات.

زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پشتگیری چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم دەکەن و، دەڵێن سەرەڕای ئاستەنگەکان کابینەکە توانی هەنگاوێکی گەورەی چاکسازی لەنێو ئەو هەموو قەیرانەدا دەستپێبکات.

کابینەی نۆیەم ئەمڕۆ (هەیینی، 10-7-2020) بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی ساڵێکی تەمەنی بەڕێکرد، لە ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەم کابینەیەدا توانرا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی، تەندروستی و ئابوورییەکان، یاسای چاکسازی بباتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، کە بەرهەمی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دادپەروی بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان هەروەها یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لە داهاتووشدا هەنگاو بۆ چاکسازی لە سێکتەرەکانی دیکەش دەنێت.

 

هـ.ر.