ئەنجامی هەڵبژاردنەکان موسڵمانەکانی بەریتانیا دەترسێنێت

بۆریس جۆنسن دڵەڕاوکێ دروست دەکات

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەی مێترۆ لە بەدواداچوونێکیدا بڵاویکردووەتەوە، موسڵمانەکانی بەریتانیا لەگەڵ سەرکەوتنی بۆریس جۆنسن و پارتەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیادا، ترسیان لە ژیانی خۆیان هەیە و هەست بە دڵەڕواکێ دەکەن.

مەنزور عەلی، سەرۆکی رێکخراوێکی خێرخوازی ئیسلامی کە خواردن بە خەڵکی هەژار لە شاری مانجستەر دەدات، دەڵێت، لە داهاتووی منداڵەکانم دەترسم.

مەنزور دەڵێت: "من لە سەلامەتی خۆم دەترسم، نیگەرانم لەبارەی داهاتووی منداڵەکانم".

ترسی بەشێک لە موسڵمانانی بەریتانیا بەهۆی سەرکەوتنی بۆریس جۆنسن لە هەڵبژاردنەکان دروست بووە، چونکە ئەو بە کەسێکی "رەگەزپەرست و ترساو لە ئیسلام" ناو دەبرێت.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی 2005، جۆنسن رایگەیاندبوو، شتێکی "سروشتییە" خەڵکی ئێمە لە ئیسلام بترسێت.

ساڵی پار، لە لێدوانێکی دیکەی بۆ رۆژنامەی تێلیگراف، ژنانی موسڵمانی بە سندوقی نامە و دزی بانکەکان بەروارد کردبوو. بۆ هەردوو ئەم دوو لێدوانەشی روونکردنەوەی داوە و دەڵێت بە هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکانی کراوە.

ئیدان، هاووڵاتییەکی دیکەی موسڵمانی بەریتانیایە و وەک شارەزایەکی کۆمپیوتەر کار دەکات لە باکووری لەندەن، ئەو ترسی لە داهاتووی هەیە و دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەمترسێنێت، بە تایبەت بەوەی لە چەند ساڵی رابردوو، هێرشکراوەتە سەرم و هەوڵ دراوە لەچکەکەم بدڕێنن، جاری واش هەیە لە شوێنە گشتییەکان پێم دەڵێن، "تیرۆرست".

دەشڵێت: "بیرم لەوە کردووەتەوە کە ئێرە بەجێبهێڵم، رەنگە بچمە تورکیا یان پاکستان چونکە زۆر دەترسم".

خانمێکی دیکە کە پیشەی پزیشکە بە گریانەوە بە رۆژنامەی مێترۆی گوتووە: "من نازانم ئیتر ئەگەر ئەمە وڵاتێکی باش بێت بۆ من، رەنگە بچمە کەنەدا، دەڵێن ئەوێ بۆ موسڵمانان باشترە".

هاوشێوەی ئەم هاووڵاتیانە، بنەماڵەکەی مەنزوریش بڕیاریانداوە، بەریتانیا بەجێبهێڵن.

بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکانی ئەوروپا و لێشاوی پەنابەران، بەشێک لە خەڵکی ئەوروپا رقیان دژی موسڵمانان دروست کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا رەنگی داوەتەوە.