خامنەیی لە كوردستانە

بە شەو گەیشتووە و مەبەستی سەردانەكەی ئاشكرا دەكرێت

K24 - ھەولێر

بەپێی میدیاكانی ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی رابردوو لەسەردانێكی چاوەڕواننەكراودا گەیشتووەتە رۆژھەڵاتی كوردستان و لە نزیكەوە سەردانی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەكانی كرماشان و سەرپێلی زەھاوی كردووە.

بەیانی ئەمڕۆش چەند وێنەیەكی عەلی خامنەیی لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەكانی كرماشان بڵاوكراوەتەوە، ماڵپەڕێكی نزیك لە سوپای پاسدارانیش بە ئاماژە بە سەردانەكەی خامنەیی رایگەیاندووە، خامنەیی لە كرماشان وتارێك پێشكەش دەكات.

لەدوای بومەلەرزەكەی 12 مانگی كرماشان كە نزیكەی 468 كەس كوژران و زیاتر لە 10ھەزار كەسیش بریندار بوون، بەرپرسانی باڵای ئێران سەردانی ئەو ناوچانەیان كردووە و خەڵكیش گلەیی لە كەمتەرخەمی و نەگەیاندنی ھاوكاریی بۆ زیانلێكەوتووانی كرماشان و سەرپێڵی زەھاو دەكەن.