به‌ریتانیا به تۆمه‌تی تیرۆر سه‌ربازێك دادگایی ده‌كات كه له دژی داعش جه‌نگاوه
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا، تۆمه‌تی راهێنانی سه‌ربازی به تیرۆریستان، ده‌خه‌نه پاڵ سه‌ربازێكی پێشووی سوپای ئه‌و وڵاته، كه پێشتر له ریزه‌كانی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه، له دژی داعش جه‌نگاوه.
جه‌یمس ماتیوز، 43 ساڵ، یه‌كه‌م كه‌سه به تۆمه‌تی تیرۆر له به‌ریتانیا دادگایی ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هاوكاریكردنی گرووپێك كه حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته خۆی پاڵپشتی و هاوكاری ده‌كات.
جگه له به‌ریتانیا، وڵاتانی كه‌نه‌دا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكاش هاوكاری شه‌ڕڤانه كورده‌كانی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) ده‌كه‌ن كه له دژی داعش ده‌جه‌نگن.
یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیكه (هه‌سه‌ده‌یه) و تا ئێستاش له هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعش به‌رده‌وامه.
دادگاییكردنه‌كه له كاتێكدایه، هیچ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی هاوكاری یه‌په‌گه ده‌كه‌ن، ئه‌و رێكخراوه به تیرۆریست ناناسێنن و ته‌نانه‌ت له دژی داعش، هاوكاری سه‌ربازیان پێشكه‌ش كردووه.