مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگورك كۆده‌بێته‌وه
K24 - واشنتن:
مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگورك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكی له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كۆبووه‌وه و باسییان له شه‌ڕی داعش و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی و كوردستان و ئه‌مه‌ریكا كرد.
مه‌سروور بارزانی، به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا به سه‌ردانێك گه‌یشته ئه‌مه‌ریكا و دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ماكماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جێرد كوشنه‌ر راوێژكاری دۆناڵد تره‌مپ، سێمینارێكی له دامه‌زراوه‌ی هێریته‌یج پێشكه‌ش كرد.
شانده باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێكهاتبوو له مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له واشنتن.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی مه‌سروور بارزانی، به یه‌كه‌م سه‌ردان داده‌نرێت بۆ ئه‌مه‌ریكا، له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ، به سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.