له‌ بودجه‌ى عێراقدا مووچه‌ ته‌نيا بۆ 47 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان كراوه‌

مانگانه‌ به‌غدا 37 مليار دينار ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ى ئه‌و پڕۆژه‌ياسايه‌ى بودجه‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌ بۆ تاوتوێكردن و په‌سندكردنى، به‌غدا ته‌نيا موچه‌ى 47 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ دابين ده‌كات.

به‌ گوێره‌ى پرۆژه‌كه‌، مانگانه‌ به‌غدا 37 مليار دينار ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ پێدانى مووچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تۆمارى ناوى 150 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى هه‌يه‌.

ژماره‌يه‌ك له‌ نوێنه‌رانى لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌و بڕوايه‌دان، دياريكردنى ئه‌و بڕه‌ بودجه‌يه‌ بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌، جۆرێكه‌ له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، پێشمەرگە لە چوارچێوه‌ى وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزی وشکانی هەژمارکراوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی كوتله‌ کوردييه‌كانه‌، لە پڕۆژە یاساکە تەنیا باسی مووچەی پێشمەرگە کراوە بەبێ ئەوەی باس لە پڕچەککردن و مه‌شقپێكردنی بکرێت.