مەلا کرێکار بە 12 ساڵ زیندانیی سزا درا

دادگایەکی ئیتاڵیا سزاکەی بەسەردا سەپاند

K24- هەولێر:

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد، ناسراوە بە مەلا کرێکار، لە ئیتاڵیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی بە 12 ساڵ زیندانیی سزادرا.

لە شارۆچکەی بۆلزانۆی ئیتاڵیا، مەلا کرێکار دادگایی کرا، ئەمەش دوای ئەوەی نەرویج رادەستی ئیتاڵیای کردەوە.

ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی دادگاییەکەی، مەلا کرێکار و پارێزەرەکەی، شکستیان هێنا و دادگا تاوانەکەی بەسەردا ساغ کردەوە.

دادگاکەی ئیتاڵیا، تاوانی ئەوەی دایە پاڵ مەلا کرێکار، سەرۆکی تۆڕێکی “تیرۆرستییە” بە ناوی "رەوتی شاخ"، بەڵام پارێزەرەکەی بە ناوی ڤیتۆریۆ پلاتی رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نەبووە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە.

مەلا کرێکار خۆی و هاوسەرەکەی و چوار منداڵی، لە ساڵی 1991 وەکو ئاوارە چوونەتە نەرویج، جیا لە خۆی، خێزان و منداڵەکانی خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەن.

لە ساڵی 1956 لە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە و بە دامەزرێنەری رەوتی شاخ دادەنرێت کە بەشێک بووە لە ئەنسار ئیسلام.

abcnyheter