سووننه‌یه‌ك به‌پشتیوانی حه‌شدی شیعی بووه سه‌رۆكی په‌رله‌مان
K24 - هه‌ولێر:
دوێنێ 15ی ئه‌یلوول، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، ته‌مه‌ن 37 ساڵ، له نێو 9 كاندیدی دیكه‌ی هێزه سووننه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و وه‌ك سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێردرا.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"، هه‌ڵبژاردنی حه‌لبووسی، به پشتیوانی هاوپه‌یمانی "البناء" بووه، كه زۆرینه‌ی حه‌شدی شه‌عبین به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته له‌لایه‌ن حه‌لبووسییه‌وه، سه‌ركه‌وتنیكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو و خالید عوبێدی كاندیده ركابه‌ره‌كه‌ی به‌وه تۆمه‌تباری كرد، كه پۆسته‌كه‌ی به بری 30 ملیۆن دۆلار كڕیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كه‌ی ئاشكرا بكات.
رۆژنامه‌كه روونیشی ده‌كاته‌وه، دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران و كۆماریش ماون، كه یه‌كێكیان پشكی هێزه شیعییه‌كانه و ئه‌وی دووه‌میشیان هی كورد.
"شه‌رقولئه‌وسه‌ت" له راپۆرته‌كه‌یدا ئاشكرای ده‌كات، هه‌رچه‌نده عه‌بادی چاوی له ولایه‌تی دووه‌م بوو، به‌ڵام ئێستا ناوی دیكه وه‌ك كاندیدی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران خراونه‌ته‌ڕوو، له هه‌مووشیان دیارتر عادل عه‌بدولمه‌هدییه، كه سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامییه و به‌وه ناسراوه كه له هیچ به‌ره‌یه‌كدا نییه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش بۆ رۆژنامه‌كه رایگه‌یاندووه، عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆده‌نگی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ره و په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كان له ناوخۆ و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌هێزه، بۆیه هێزه سیاسییه‌كانیش پشتگیری ده‌كه‌ن.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره، رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات، بۆ كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، چاوه‌كان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه و رۆژنامه‌كه له زاری سه‌عدی پیره، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و حزبه كاندیدی خۆی دیاریده‌كات و به‌ربژێركردنی به‌رهه‌م ساڵحیشی به‌دوور زانیوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه، كه هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به پشكی خۆی ده‌زانێت.
ا. م