سەدر ھەڵمەتێك بۆ چاكسازی رادەگەیەنێت

"پێشتریش لە رێگەی خۆپیشاندان و وتار و مانگرتنەوە ھەوڵم بۆ رووخانی ھەموو بنچینە چەوتەكانی سیاسەت داوە"

K24 - ھەولێر

موقتەدا سەدر ھەڵمەتێكی دیكە بۆ چاكسازی لە عێراق و ئاشتەوایی نێوان خەڵك رادەگەیەنێت.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ھەڵمەتێكی دیكەی بۆ چاكسازی لە عێراق و ئاشتەوایی نێوان خەڵك راگەیاند.

لەو تویتەدا سەدر نوسیوویەتی "زۆر ھەوڵمدا لە سیاسەت دووربكەومەوە و تەنیا خۆم بۆ ئەركە ئاینییەكان تەرخان بكەم، پێشتریش لە رێگەی خۆپیشاندان و وتار و مانگرتنەوە ھەوڵم بۆ رووخانی ھەموو بنچینە چەوتەكانی سیاسەت داوە، ئەمڕۆش بەبێ بەكارھێنانی چەك، ھەوڵ بۆ چاكسازی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان گەلانی عێراق دەدەم".

لە چەند ساڵی رابردوودا موقتەدا سەدر لە رێگەی خۆپیشاندان و وتار فشاری خستەسەر حكوومەتی عێراق، لەسەرەتای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی، سەدر رایگەیاند، بۆ ماوەی ساڵێك كابینەی نوێ لەژێر چاودێری دا دەبێت و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی بکرێت. لە ئەگەری شکستهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئەوا لە دژی حکوومەت رادەپەڕن.

ھ.م