منداڵێكى ئێزدى رزگار كرا

له‌ خۆرئاواى شارى مووسڵ رزگار كراوه‌.

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پۆليسى نه‌ينه‌وا عه‌ميد روكن واثق حه‌مدانى رايگه‌ياند، هێزه‌كانى پۆليس توانيان منداڵێكى ئێزدى له‌ خۆرئاواى شارى مووسڵ رزگار بكه‌ن.

 

ئه‌و فه‌رمانده‌يه‌ى پۆليس له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا روونيكردووه‌ته‌وه‌، هێزه‌كانى سه‌ر به‌ فه‌وجى سێى پۆليسى فرياكه‌وتن، توانيان منداڵێكى ته‌مه‌ن 6 ساڵى ئێزدى كه ناوى سريه‌ سيدۆيه‌ رزگار بكه‌ن.

 

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، تا ئێستا چاره‌نووسى كه‌سوكارى ئه‌و منداڵه‌ ديار نييه‌ و نازانرێت ئايا كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش يان رزگاريان بووه‌.

 

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا واثق حه‌مدانى ئاشكراشيكردووه‌، رزگاركردنى ئه‌و منداڵه‌ له‌ رێى هاوكارى يه‌كێك له‌ هاووڵاتيانى نيشته‌جێى گه‌ڕه‌كى سۆمه‌رى به‌شى خۆرئاواى شارى موسڵ بووه‌.

 

هه‌فته‌ى رابردوو سوپاى عێراق سه‌ركه‌وتنى يه‌كجاره‌كى له‌ مووسڵ راگه‌ياند، دواى ئه‌وه‌ى توانيان دوايين گه‌ڕه‌كه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ رزگار بكه‌ن.

 

ئۆپراسيۆنى مووسڵ له‌ 17ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا به‌ ده‌ستپێشخه‌رى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ده‌ستيپێكرد و دواتر سوپاى عێراق قۆناغ به‌ قۆناغ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كانى مووسڵيان له‌ ده‌ستى داعش رزگار كرد.

 

ئه‌و منداڵه‌ ئێزدييه‌ پێده‌چێت له‌ 3ى ئاب/ ئۆگستى 2014دا له‌ سه‌روبه‌ندى داگيركردنى شنگال له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى كه‌وتبێته‌ ده‌ست داعش كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نى سێ ساڵ بووه‌.