لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان داوای تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر یاسایێكی عێراق ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پرسی تۆماركردنی سكاڵاى یاسایی سه‌باره‌ت به‌یاسای "الاداره المالیه العراقیه"، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 3/9/2019، لێژنه‌ی دارایى و كاروبارى ئابوورى له په‌رله‌مانی كوردستان به سه‌رپه‌رشتیى هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و راوێژكارانی لێژنه‌كه كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له دادگای فیدراڵیی عێراق له‌سه‌ر یاسای ئیتیحادی "الادارة المالیة العراقیة" بۆ ساڵی 2019 تاووتوێكرا و بڕیاردرا، داوا له هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌و مادانه‌ى كه له یاساكه‌دا پێشێلی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراون سكاڵای یاسایی تۆمار بكه‌ن.
هه‌روه‌ها داواشكرا، به‌پێی ماده‌ى (121)ى ده‌ستوورى عێراق داوا له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره (1)ى ساڵی 2005 كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و به‌رگرى له مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان ده‌كات، له دادگاى فیدراڵی سكاڵای یاسایی تۆمار بكات.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتی لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابووریى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به رۆڵى دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێمی كوردستان تاووتوێكرا، له‌وباره‌یه‌وه لێژنه‌كه به‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه گه‌یشت:
یه‌كه‌م: رۆلی دیوانی چاودێریی دارایی به‌گوێره‌ی یاسای ژماره 9ى ساڵی 2008 كارا بكرێته‌وه و تێیدا ته‌واوى داموده‌زگاكانى هه‌رێم، كه ده‌چنه ژێربارى چاودێریی داراییه‌وه، ده‌رگایان واڵا بێ.
دووه‌م: پۆستی سه‌رۆكی دیوان كه له 10/5/2018 ه‌وه ماوه‌ی یاسایی كۆتایی هاتووه، هه‌رچی زووه په‌له بكرێت له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته و جێگرى سه‌رۆكی دیوانیش كه تا ئێستا دانه‌نراوه و به به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه، پڕ بكرێته‌وه.
سێیه‌م: هه‌رچی زووه په‌له بكرێ له كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی له پارێزگاكانی (دهۆك و هه‌ڵه‌بجه) كه تا ئێستا له‌و دوو پارێزگایه نییه، هه‌روه‌ها له پارێزگای سلێمانى كه دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هه‌یه رێكبخرێ.
چواره‌م: داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خه‌رجییانه‌ى له ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی بیانی ده‌یكات، له كاراكردنه‌وه‌ى رۆلی دیوانی چاودێریی داراییدا بكرێ و دیوانی چاودێریی دارایی‌ش رۆلی خۆی له چاودێریكردنی داراییدا ببینێ.
پێنجه‌م: دا‌و له وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین، خه‌رجییه‌كانی دیوان دیاریبكرێ و به‌گوێره‌ی خه‌رجی بودجه‌یان بۆ سه‌رف بكرێ، نه‌ك وه‌ك یارمه‌تى داواى خه‌رجى له وه‌زاره‌تی دارایی بكات، ئه‌مه‌ش له پێناو پاراستنى سه‌ربه‌خۆیی دیوانه.
H.B