جیاوازی نێوان بەساڵاچووی ئێمە و بەساڵاچووی ئەوروپا و ئەمهریکا
K24 – ههولێر:
گومانی تێدانیە کەوا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید 19 تووشی هەموو کەسێک لە هەموو تەمەنێک و هەر دوو رەگەز دەبێت، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە رێژەی مردن لە بەساڵاچووان بەڕێژەیەکی زۆر زیاترە لەو رێژەیەی گەنجانی تووشبوو و بە شێوەیەک کەوا زیاتر لە 28% بەساڵا چووان لە ئەوروپا و ئەمهریکا بەو ڤایرۆسەی کۆڤید 19 دەمرن بەرامبەر رێژەیەکی زۆر کەمتر لە گەنجان.
هەروەها، لەلایەکی تر، هەتا نووسینی ئهم بابهته، سوپاس بۆ خودا رێژەی تووشبوون و گیان لەدەستدان لە بەساڵاچووانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و دەتوانین بڵێین نزیکە لە سفر و ئومێد دەخوازین و کاردەکەین لەسەر ئەوەی هەروا نزم بێت و نزمتریش بێت.
ئەو پرسیارەی لای زۆر لە هاووڵاتی و تەنانەت کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانیش دروست بووە ئەوهیە دەبێت هۆکاری جیاوازی نێوان ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و بەساڵاچوانمان بە شێوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ خەڵکی ئەوروپا و بەتایبەتی بەساڵاچوانیان چیە ؟
لێرەدا دەمانەوێت چەند جیاوازیەک بەشێوەیەکی گشتی و لە رووی فسیۆلۆجی بە شێوەیەکی تایبەت باس بکەین و لە هەمان کاتدا پێداگری دەکەین کەوا هەمووان پێویستە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بین بێ جیاوازی تەمەن و رەگەز. هەندێک لەو جیاوازیانەی کەوا ئەگەری هەیە بەرگری بەساڵاچوانمانی زیادکردبێت و تووشبوون و مردنی کەمکردبێتەوە:
1- پاک و خاوێنی:
بە شێوەیەکی گشتی بەساڵاچوانی ئێمە زۆر پاک و خاوێنترن و بە تایبەتی کاتی چوون بۆ توالێت و هەروەها لەگەڵ پێنج فەرزەی نوێژ و دەستنوێژ هەڵگرتن کەوا بەزۆری باوە لەنێو بەساڵاچوانمان.
هەروەها خاوێنیان زیاترە کاتێک بە تایبەتی کچێکی، یان کوڕێکی، خزمەتی دەکات ئاگاداریەتی.
-
2- وەرزش و جووڵە:
زۆرینەی بەساڵاچوانمان جووڵەیهکی باش دەکەن کاتی نوێژکردن و هەروەها چوون بۆ مزگەوت و تەنانەت هەندێکیان بەردەوامن لەسەر کارەکانیان وەک خزمەتی باخچە و ئاژەڵ و بەپێی ڕۆیشتن و بەسەر چیا کەوتن و کۆکردنەوەی دار و ئاودانی باخچە و زۆرێکی تر کەوا پێکەوە کارێکی زۆر باشە بۆ تەندروستی و بەرگریان.
3- خۆراکی تەندروست:
تا ڕاددەیەکی باش بەساڵاچوانمان خۆراکی سروشتی و تەندروست دەخۆن وەک گیایە بەهارییەکان (کەنگر و تۆڵهکە و کاردی) و هەروەها پیاز و سیر و سەوزە و توور و جووز و باوی و خورما و قەسپ و ماست و پەنیر و تەحین و کونجی و میوەکان. ئەو خۆراکانەش زۆر بەسوودن بۆ بەرگری لەشیان.
بەساڵاچوانی ئەوروپا و ئەمهریکا زۆر کەم خواردنی سروشتی و بەسوود بەدەستیان دەکەوێت یان بەکاردەهێنن.
لە لایەکی ترەوە، هەندێکیان رێژەیەکی زۆر کحول، مەشروب، و شەراب خۆرن و زۆر جار بەتەنیا و بێ شتی تر کەوا دەکات زیاتر زیان بەخش بێت.
تێبینیش دەکرێت کەوا بەساڵاچوانی ئێمە ئەگەر جگەرە کێشیش بن ئەوە بە هۆی خاڵەکانی سەرەوە هەر تەندروستیان باشترەوە و زۆر بە دەگمەن مەشروب خۆرن.
4- خەو و خولی، سایکلی، شەو و ڕۆژ:
بە شێوەیەکی گشتی، و بە هۆی پێنج فەرزەی نوێژ کەوا زۆر لە بەساڵاچوانمان پەیڕەوی دەکەن ئەوە کات و ماوە و ساتی نوستن و هەستانی بەساڵاچوانمان رێکترە و بە تەندروستر دادەنرێت لە زۆر لایەنەوە.
5- باری کۆمەڵایەتی، سۆشیاڵ، و دەروونی:
ئەوەی دیارە و پێویستە پارێزی تووندی لێبکەین ئەوەیە باری کۆمەڵایەتی بەساڵاچوانمان تا ڕاددەیەک باشترە بە بەراورد بەوانەی لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەژین. پەیوەندی کۆمەڵایەتی و رێز و خۆشەویستی و قەدر و مەکانەتی بەساڵاچوانمان زۆر جار مایەی رێزە و هۆکارە بۆ ئەوەی ئەوان هەست بە پشت و پەنا بکەن و بەردەوام وورە بەرزبن و پێداویستیەکانیان جێبەجێ بکرێت.
ئەوەشیان لایەنی دەروونی و بەرگریان بەهێز دەکات.
6- لایەنی ماددی:
بە هۆی ئەوەی هەندێک بەساڵاچوانمان پارە و موڵکی خۆیان هەیە و هەندێکیانیش خانەنشینن و هەندێکیان منداڵەکانیان یارمەتیان دەدەن ئەوان تا ڕاددەیەک توانای ماددیان باشە و دەتوانن پێداویستی رۆژانەیان لە خواردن و دەرمان دابین بکەن.
ڕاستە هەندێکیان لە بارودۆخێکی باش نین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، و بەتایبەتی ئەوانەی گوندەکان، باشترن.
7- شوێن و ژینگە:
بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچوان لەناو یەک هۆڵ یان یەک خانو یان ژورێکی بچووک وا دەکات شوێنی و توانای جووڵەیان سنووردارکات و ئەوەش حاڵی بەساڵاچوانی ناو خانەکانە کەوا زۆرە لەدەرەوەی وڵات و ئومێدەوارین زۆر نەکات لە وڵاتی ئێمە. دووبارە بە شێوەیەکی گشتی، بەساڵاچوانی ئێمە شوێنیان فراوانترە و کراوەترە بە تایبەتی ئەوانەی لە گوند و دەشتەکان دەژین.
ئەو خاڵانەی سەرەوە پاش گەڕانێکی زۆر و بەراوردەکی زۆر لێکمداوهتەوە.
رەنگە نموونە هەبێت کەوا پێچەوانە بێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەوە تێبینی خۆمە.
ئامادهكردنی: د. شێروان رهحمان