فازڵ میرانی: دوو مەترسی گەورە لەسەر كوردستان ھەن

"ھیوادارین هه‌مان بێوه‌فایی بەرامبەر پەیەدە نه‌نوێنن"

K24 - ھەولێر

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوو مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر  كوردستان هەن، ئه‌و مه‌ترسییانەش بۆ سه‌ر هه‌موو كورده‌ بەبێ جیاوازی حیزبی سیاسی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، مه‌ترسیه‌كانیش بریتین لە لێكترازانی لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دووەمیشیان بێده‌نگی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیه‌ له‌بەرامبەر ئه‌و هێرشانه‌ی سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی ده‌یكه‌نه‌ سه‌ر هەرێمی كوردستان.

فازڵ میرانی، ئەو مەترسیانەی لەمیانی گفتوگۆیەك لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت: "هیوادارین ئه‌و بێ وه‌فاییه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یانبوو له‌دوای ته‌واوبونی شه‌ڕی داعش هه‌مان بێ وه‌فایی بەرامبەر پەیەدە نه‌نوێنن".

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا میرانی، رایگەیاندووە: "هه‌ردوولامان پێمان باشە دەستور چارەسەری کێشەکان بکات، بەڵام نەك ئەو دەستوورەی کە هەرکەسمان شیکردنەوەی خۆی بۆی بۆ بکات، به‌ڵكو ده‌ێت شیكردنه‌وه‌ی یاساناسان بێت و به‌پێی یاسا بێت، ئێمە دەرگای دانوستاندنمان کردووەتەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین عێراق بەهۆشی خۆی بێتەوە، ئێستا عێراق خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت لەو رووداوانەی کە هەبوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئەمن و ئاسایش لە عێراق بەرقەرار بێت پێویستە چارەسەرێك بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە چونکە لە  1961وە تائێستا ئەم عێراقە ئیستقراریەتی بەخۆیەوە نەبینیوە و ناشیبینێت ئەگەر چارەسەری کێشەی کورد نەکات بەدانوستاندن و ئاشتیانه‌."

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەداین کە ئەمڕۆ لەدوێنێ زیاتر پێویستمان بەیەکڕیزییە، ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ هەموو لایەنێك بێ جیاوازی، چونکە پێمان وایە تاکە چەکێکك بۆ رووبەڕوووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی روویان لە هەموو کوردستان کردووە نەك بە تەنها لایەنێك، بەڵكو پێویستمان بە یەکڕیزییە، وەك پارتی پڕۆژەمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیە ئەوەیە، بەردەوام لەگەڵ برایانی یەکێتی لە گفتوگۆداین وە پێشمەرگە قارەمانەکان بە مۆراڵێکی بەرزەوە بەرگری لە شوێنە ستراتیژییەکان دەکەن، وە لەلایەکی تریش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراق بەردەوامن، ئێمە هەوڵ دەده‌ین هێمنی و ئاسایش بپارێزین، بەڵام ئەگەر هەڕەشە بەردەوام بێت چاوسورکردنەوە هەبێت ئەوا میللەتی کورد لە چاوسورکردنەوە نەترساوە و ناترسێت".

لەبارەی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و رادەستكردنی كەركووك و خورماتوو فازڵ میرانی دەڵێ: "ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای ئەوە روویدا من لەگەڵ تۆمەتدا نیم، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ئەنجامی سەعد ئابادێکی ترە، بەڵام بە کاراکتەر و دۆخی جیاواز ئەوەی تریش بەبۆچوونی من هۆكاری تریش هه‌یه‌ كه‌په‌یوه‌ندی به‌خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ئەنجامی نا ئیدارەدانی باشی کێشە و گرفتەکان بووە لەگەڵ حکومەتی عیراق".