سوپای ئیسرائیل جه‌نگی سه‌رانسه‌ری له‌ دژی حه‌ماس راگه‌یاند

"ده‌بێت حه‌ماس به‌رگه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی بگرێت"

K24- هه‌ولێر:

سوپای ئیسرائیل وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ ئاراسته‌ی ته‌ل ئه‌ڤیڤ كران، جه‌نگی له‌ دژی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی راگه‌یاند.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی، وته‌بێژی سوپای به‌رگری ئیسرائیل رایگه‌یاند، "له‌ ئێستاوه‌ فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ته‌واوی پێگه‌كانی رێكخراوی حه‌ماسی تیرۆریست له‌ سه‌رانسه‌ری كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌ستپێكرد".

ئه‌دره‌عی نووسیویه‌تی: "له‌كاتێكدا حه‌ماس له‌ جیاتی هه‌ڵبژاردنی رێگه‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ بكات، رێگه‌ی تیرۆری هه‌ڵبژارد، به‌ڵام ئێمه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ سه‌رجه‌م دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ بنكه‌ و پێگه‌كانی حه‌ماس نزیك نه‌كه‌ونه‌وه‌"، ئه‌مه‌ش وه‌ك رێنماییه‌ك بۆ خۆ پاراستنی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ له‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل ده‌یكاته‌ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌ماس.

پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ، وته‌بێژی سوپای به‌رگری ئیسرائیل له‌ تویتێكی دیكه‌دا رایگه‌یاندبوو، "سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ حه‌ماس له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ مووشه‌كێكی ئاراسته‌ی ناوه‌ڕاستی ئیسرائیل كردووه‌، ئێمه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ به‌ هێرشێكی تیرۆریستی ده‌زانین و وه‌ڵامی هاوشێوه‌ش ده‌ده‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ حه‌ماس به‌رگه‌ی ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ بگرێت".

H.B