پلازمای خوێن بۆ نەخۆشانی کۆرۆنای نوێ

Kurd24

جیھان لە پێشبرکێیەکی خێرایە بۆ دۆزینەوەی پێکوتە (ڤاکسین) و چارەسەری نەخۆشی کۆڤید-19 ئەوەی ئاشکرایە ودەزانرێت ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا نە پێکوتە و نە چارەسەری نادۆزرێتەوە و ئەمە جگە لە کێشەکانی بەرھەم ھێنان و بە کۆگا کردن و گواستنەوە و ئامادەبوونی بۆ ھەموو خەڵکی جیھان کە نزیکەی 7.8 ملیار کەسە.

بۆ ئەم مەبەستە زانا ودکتۆرەکان لە جیھان دەبێ بیر لە چارەسەری خێرا بکەنەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشە ناجێگیر و ئاستەمەترسیدارەکان. لە دوو مانگی ڕابردوو چەندین ووڵات تەکنیکی بەکارھێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبوو لە نەخۆشەکە بۆ نەخۆشە ناجێگیرەکان تاقیکردۆتەوە.

جارێ پێش ئەوەی بزانین ئایا ئەمە کار دەکات یان نا با تێبگەین پلازمای خوێن چیە؟

خوێن کە شلەیەکی سوورە لە لەشی مرۆڤدا لە بنەرەتدا لە دوو بەش پێکدێت بەشێکی خانەکانی خوێنن، بەشەکەی تریشی لە ئاو و پرۆتینە تواوەکان پێک دێت.. کاتێک بە تەکنیکی تاقیگەیی جیا دەکرێنەوە خانەکان دەنیشن و بەشە شلەکەی لە ئاوو و پرۆتینەکە سەرئاودەکەون و رەنگێکی زەردی ھەیە (سەیری وێنەکە بکە).. یەکێک لەو پرۆتینانەی لە ناوپلازمای خوێن ھەیە بریتیە لە پرۆتینێک کە پێی دەووترێت دژە تەن . دژەتەن لەشی مرۆڤ دروستی دەکات بۆ دژایەتی کردن و رێگری کردن لە میکرۆب و ھەر شیێکی نامۆ کە دێتە ناو لەش. ئەم دژایەتی کردنە لە رێگای دروست کردنی دژە تەنەوە تایبەتمەندە و لە دوای ماوەیەک بۆ ھەر میکرۆب و ڤایرۆسێک دژە تەنێکی تایبەتی دروست دەبێت کە بە ووردی بۆی دروست کراوە و لەھەر شوێنێک بیبینێت پێیەوە دەنووسێت.

وێنەی روونكردنەوەیی پلازمای خوێن
وێنەی روونكردنەوەیی پلازمای خوێن

دژەتەن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە؟

بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ھەر میکرۆب و شتە نامۆکانی تر کاتێک دێتە ناو لەشی مرۆڤ وکێشە دروست دەکات، دژە تەن لە دژی ئەو ڤایرۆسە بە تایبەتمەندێتیەکی تەواو دروست دەکرێت لە ناولەش.. ھەر کاتێک ڤایرۆسەکە لە خانەکان ھاتە دەرەوە دژە تەنەکان پێوەی دەنووسێن ونایەڵن خانەی تر داگیر بکات و ژمارەکەیان زۆرتر بێت.. ئەمە بۆ کەسێکی ئاسایی و خاوەن بەرگری بەھێز کارێکی ئاسانە و ڕەنگە کۆرۆنا پێی نەوەستێ و چاک ببێتەوە، بەلام بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە یاخود نەخۆشی تری درێژخایەنیان ھەیە و لەش سەرقالی ئەو نەخۆشیانەیە یان ھەر ھۆکارێکی تر بۆ نمونە جگەرە کێشان یان نەرگەلە کێشان، لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەل دەقۆزێتەوە و بەسەر بەرگری و دژە تەنە کەمەکان زاڵ دەبێت و خانەی زیاتر لە سیەکان داگیر دەکا و دایدەروشێنێ بەمەش نەخۆشەکە بۆ بارێکی ناجێگیر دەبات..

چۆن پلازمای کەسی چاکبوو کار دەکات لە نەخۆشی تر؟

کاتێک کەسێک چاک دەبێتەوە لە نەخۆشی کۆرۆنا پلازمای خوێنی ئەو نەخۆشە ئەو دژە تەنانەی تێدا ماوەتەوە و بۆ ماوەیەکی نادیاری درێژ دەمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە کە پلازمای کەسی چاکبوو دەدرێتە نەخۆشێک ئەوا ئەو دژە تەنانەی لە پلازماکە ھەیە کار دەکەن بۆ لەناو بردن و تێکشکانی میکرۆب و ڤایرۆسەکان..

لە سالی 1890 بۆ یەکەم جار دژی نەخۆشی کۆکەڕەشە بەکارھاتووە و دواتریش لە سالی ١٩١٨ بۆ پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی بەکارھاتووە، ھەروەھا بۆ ئیبۆلا و جۆرەکانی تری کۆرۆنا بەکارھاتووە بەم دواییانە.

بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش بە ھەمان شێوە پلازمای کەسی چاکبوو کە پڕیەتی لە دژەتەن بۆ ڤایرۆسەکە کاتێک دەدرێتە نەخۆش ئەوا دژەتەنەکانی ناو پلازماکە کە تایبەتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکە دەگرن و نایەڵن چیتر خانە داگیربکات و تێکی بشکێنێت و زیاد بکات، بەمەش یارمەتی لەش دەدات بۆ لە ناوبردنی خانە تووشبووەکانی تر و چاکبوونەوە..

دژەتەنی لەشی مرۆڤ
دژەتەنی لەشی مرۆڤ

کێ دەبێت پلازما ببەخشێت و چۆن؟

ھەرکەسێک کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و چاکبۆتەوە و پاش ماوەی ١٤ رۆژ دوای چاکبوونەوە دەتوانێت پلازما ببەخشێت بۆ نەخۆشی تر .. گرنگە کە ھەموو ئەوانەی کۆرۆنایەن گرتووە و چاکبوونەتەوە ئەو ھەنگاوە بنێن بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی دیکە..

کارێکی ئاسانە ئەوەی لەسەر ئەو کەسەیە تەنھا بتلێک یان زیاتر خوێن ببەخشێت ، دواتر پلازمای لێ جیادەکرێتەوە،، بەلام گرنگە بانکەکانی خوێن بە ووریایی و زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و دوو تێستی گرنگ ئەنجام بدەن ئەویش نەبوونی ھیچ ژەھر و ماددەیەکی زیانبەخش و نەخۆشی تر و ھەروەھا تێستی دژە تەن بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن کە بڕی دژە تەنی پێویست ھەیە لە ناو پلازماکە بۆ کۆرۆنا..

ئەمە چارەسەرە و تەواو؟

نەخێر، تا ئێستابە شێوەیەکی زانستی تەواو نەسەلمێندراوە کە پلازمای خوێن چارەسەرە.. توێژینەوەیەکی چین کە ھێشتا پێداچوونەوەی زانستی ھاوەڵانەی بۆ نەکراوە باس لەوە دەکا کە ٧ نەخۆش لە کۆی ١٠ نەخۆش بەشێوازێکی بەرچاو سوودیان لەم پرۆسەیە وەرگرتووە.. پێش بڕیارداب چەند فاکتەرێک کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر بەکارھێنانی پلازما

1- بۆ کێ بەکاردێت:

پلازمای کەسی چاکبوو دەکرێ بۆ ئەو کەسانە بەکاربێن کە حالەتەکەیان ناجێگیرە بەلام شڵەژاو critical نیە،، چونکە بۆ نەخۆشێکی زۆر خراپ ڕەنگە تازە فریای نەکەوێت.. نەخۆشە ناجێگیرەکان و ئەوانەی نیشانەیان ھەیە دەکرێ سوودی لێ ببینن بەمەش خواستی ھەناسەدانی دەستکرد و چاودێری چڕ کەم دەبێتەوە..

بۆ ستافی نەخۆشخانەکان دەکرێ بەکاربێت چونکە زۆر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە دەکەن و پێویستیان بە دژە تەن دەبێت..

2- کات:

کات کاریگەریەکی زۆری ھەیە لە بەکارھێنانی پلازمای خوێن چونکە چەند زووتر دوای دروست بوونی نێشانەکان بەکاربێت باشترە بەوەی کە ژمارەی ڤایرۆسەکە و توندی نەخۆشیەکە ماوەی ئەوەی ماوە کە کۆنترۆل بکرێت، بۆ نەخۆشێک کە کەوتە شڵەژان و ھەناسەی دەستکرد ڕەنگە ئەو کاریگەریەی نەبێت..

3- دەرمانی بەکارھاتوو:

لەبەرئەوەی تا ئێستا بە ڕوونی دیار نیە کام دەرمان کاریگەری زیاتری ھەیە لەسەر ڤایرۆسەکە لە جیھان و بە جیاوازی شوێنەکان چەندین دەرمان تاقی دەکرێنەوە بەم پێیەش چاکبوونەوەی نەخۆش دوای پێدانی پلازما رەنگە بگەرێتەوە بۆ جۆری دەرمانەکە و کاریگەری دەرمانەکە بە تەنیا یان بە ھاوبەشی لەگەل پلازماکە

4- ژمارە و رێژەی پلازمای بەخشەرەکان:

ژمارەی ئەو کەسانەی جاکبوونەتەوە و ئامادەن خوێن ببەخشن ھۆکارێکی کاریگەرە بۆ بەکارھێنانی پلازما، گرنگە زۆرترین کەس پلازما ببەخشێت بۆ ئەوەی باشترین پلازمای پڕ لە دژەتەن بەکاربێت بۆ نەخۆشەکان.. ھەموو پلازمایەک کاندید نیە بۆ بەکارھێنان تا لەو تاقیکردنەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا دەرنەچێت..

لە کوردستان چی دەکرێت و چی بکرێت باشە؟

ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان دەکرێت ھەوڵی تاک تاکەییە و بە شێوازێکی زانستی و بە دیراسەتێکی کلینیکی نەکراوە.. بە پشت بەستن بە زانیاریەکانی ووڵاتان و بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە نزیکە مەرگن پلازما بەکارھاتووە و کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە..

بۆیە زۆر گرنگە دووبارە زۆر زۆر گرنگە کە وەزارەتی تەندروستی بە پاڵپشتی زانایەکانی مایکرۆبایۆلۆجیا و بەرگری زانی و فسیۆلۆجی زان و خوێنزان و ئامارزانەکانی خوێندنی باڵا ھەلمەتێکی دەست بەجێ ڕابگەیەنن بۆ کۆکردنەوەی پلازما و تاقیکردنەوە و لێکدانەوە ی دەرھاوێشتەکان بۆ زانست وخەلک و جیھان بخاتە ڕوو.. بەکارھێنانی بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی و بێ پشت بەستن بە لێکدانەوەی زانستی و ڕای زانایان و کۆنسێنتی نەخۆشەکان ڕەنگە سوود و ئاکامی چاوەروانکراوی لێ نەکەوێتەوە.

 

*پ.ی.د کارزان شێخ موحسین، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەڵاحەددین- ھەولێر

*سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە زانکۆ.

 

سەرچاوەکان: 

‏Medrxiv.org/content/10.1101/2020.03.16.20036145v1

‏ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5828518/

‏The National Academies of Sciences, Engineering and Medicine

‏jamanetwork.com/journals/jama/fullarticle/2763983

The feasibility of convalescent plasma therapy in severe COVID-19 patients: a pilot study

medrxiv.org