هەسەدە ژمارەی داعشە بە دیل گیراوەکان ئاشکرادەکات

"سەر بە 44 وڵاتی جیاوازن"

K24 – هه‌ولێر:

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەپەگە سەرۆکایەتییان دەکات، بە دیل گرتنی 900 چەکداری داعش کە سەر بە 44 وڵاتی جیاوازن راگەیاند.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئەلمۆنیتەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە نوری مەحمود، وتەبێژی هێزەکانی یەپەگە رایگەیاندووە: "900 تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە زیندانەکانمانن کە سەر بە 44 وڵاتی جیاوازن".

هەسەدە ئێستا دژی داعش لە شاری هاجین لە رۆژهەڵاتی سووریا کە دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق لە جەنگدایە و بە قسەی ئەو وتەبێژە، هێزەکانیان بەردەوامن لە دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش.

جیا لەم ژمارە زیندانییە، عەبدول کەریم عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەسەدە ئاشکرایکردووە: "550 ژن و یەک هەزار و 200 منداڵ کە سەر بە داعشن لەناو کامپی جیاواز دەستگیرکراون".

نوری مەحمود پێیوایە، وڵاتانی خۆرئاوا کەمتەرخەم بوون لە رێگریکردن لە داعش و داواشیان لێدەکات ئەو داعشانەی ئێستا لای هەسەدە دەستگیرکراون و خەڵکی دەرەوەی سووریان، ببەنەوە بۆ وڵاتەکانیان و دادگاییان بکەن.

H.J