سه‌رۆك بارزانی: گه‌لی كورد لە 25ـی ئەیلوول مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات

"نابێ خوێنی بەناهەقڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێدا به‌ بۆنه‌ی 56 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلوول، رایگه‌یاند، گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە 25ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنها دوو هەفتە ماوە تا گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت و موژدە بداتە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەله‌کەمان و بەرهەمی ئەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بچنێتەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

پەیامی سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە پەنجاوشەش ساڵەی یادی شۆڕشی ئەیلوول

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانیدا دروست کرد. ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنها دوو هەفتەمان ماوە تا گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت و موژدە بداتە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەکەمان و بەرهەمی ئەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بچنێتەوە. گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە ٢٥ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.

شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەلەکەمان تەنها بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بوونە، نابێ خوێنی بەناهەقڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت. دەبێ جیهان گوێی لە دەنگی ئازادیخوازانەی کوردستان بێت، دەبێ هاواری 182 هەزار ئەنفالکراوی کوردستان لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهاندا ببیسترێت، دەبێ گوێ لە ناڵەی 5 هەزار شەهید و دەیانهەزار برینداری هەڵەبجە بگرن، دەبێ جیهان گوێی لە هاواری 8 هەزار بارزانیی ئەنفالکراو و 12 هەزار گەنجی بێسەروشوێنی کوردی فەیلی بێت، دەنگی شەهیدان و کەسوکاریان، دەبێتە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" و لە ٢٥ـی ئەیلوولدا لە دەرگای ویژدانی هەموو جیهان دەدات.

لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان

مسعود بارزانی

10ـی 9ـی 2017