چەند فڕۆكەیەك سنووری ماوەت بۆردومان دەكەن
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ چەند فڕۆكەیەك دووجار دەشتى ژاژۆلان و کوێرەکان-یان لە نزیک گوندی گەڵاڵەی سنووری قەزای ماوەت بۆردومان كرد.
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی بۆ خەڵکی گوندەکە نەبووە، بەڵام دیارنییە کەسی دیكە بەر بۆردومانەکە کەوتبێت".
گوتیشی: "بەھۆی بۆردومانەكە ئاگرێک لە رەزو باخ و پوش و پاوانی سنوورەکە كەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراو".
تائێستا ھیچ لایەنێك بە فەرمی بۆردومانەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام دەگوترێت لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومان كراوە.
لەماوەى سێ ساڵی رابردوودا ئەمە شەشەمین بۆردومانی دەوروبەری گوندی گەڵاڵەیە و ساڵی 2017 پێنج ناوچەكە بۆردومان كرا، و بەوھۆیەوە گوندی گەڵاڵە بۆ ماوەیەك چۆڵکرا.